“کێشەناوخۆییەکان هۆکارن بۆ لاوازی هەرێم لە بەغدا”



قوباد تاڵەبانی: نابێت هیچ بەربەستێک بۆ کار و چالاکی ئازادانەی رێکخراوەکان و میدیاکاران دروست بکرێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەرەی وەزیری دەرەوە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە، ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و مارک سترۆ کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەی بوون، بە گرنگییەوە باس لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرا و چارەسەرکردنی خێرای کێشە ناوخۆییەکان بە پێویست زانرا لەپێناو بەهێزکردنەوەی پێگەی هەرێم لە عێراقدا.

سەبارەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر چارەسەرکردنی خێرای کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەم خواستی هاوڵاتییانی هەرێمە و هەم خواستی هاوپەیمانەکانمانە و، بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی هاوپەیمانانیش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرێدراوە بە بەردەوامبوونی چاکسازییەکان، هەربۆیە نابێت ئەم پرۆسەیە بە سستی بەڕێوە بچێت و تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. لەمبارەیەوە وەفدی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەدا بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت هاوکاری هەرێمی کوردستان بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پێویستە لەناو هەرێم لایەنە سیاسییەکان و حکومەت ئامانجێکی هاوبەش و یەکگرتوویان هەبێت و بە پلانێکی تۆکمە و هاوبەشەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دانووستان بکەن.

سەبارەت بە پرسی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە ئەم کێشەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت تا بێ بودجەیی و بێ موچەیی لەوە زیاتر کاریگەری خراپ لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم دانەنێت.

بانکی ناوەندی ڕێنمایی نوێی ڕاگەیاند
پێت بانکی ناوەندی ڕێنمایی نوێی ڕاگەیاند
ئیسرائیل بۆردومانی سووریاشی کرد
دوات ئیسرائیل بۆردومانی سووریاشی کرد
پەیوەنیدر