له‌ نێوان جووله‌كه‌ زایۆنییه‌ داگیركار و فه‌له‌ستینییه‌ وڵات زه‌وتكراوه‌كان



عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین نووسینێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ” هه‌ركه‌س پشتیوانیی له‌ مسوڵمانانی سته‌ملێكراوی فه‌له‌ستین نه‌كات، له‌ به‌رامبه‌ر سته‌می جووله‌كه‌، نیشانه‌ی پرسیار ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر مسوڵمانێتی‌، كوردایه‌تیی و مرۆڤایه‌تییشه‌وه‌”.

سته‌ملێكراویی گه‌لی فه‌له‌ستین و سته‌مكاریی جووله‌كه‌ زایۆنییه‌كان، كه‌ پابه‌ند نه‌بوون به‌ چه‌ندان بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، هیچ مشتومڕێك هه‌ڵناگرێت بۆ هه‌ر كه‌سێك تۆزه‌ ئیمانێك یان لانی كه‌م بڕه‌ ویژدانێكی هه‌بێت، چونكه‌ جووله‌كه‌ زایۆنییه‌كان حه‌فتا و پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر لە ساڵی ١٩٨٤ به‌ پیلان، هاوكاریی و ده‌ست له‌پشت دانی زلهێزانی ئه‌وكاته‌، به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا، قه‌واره‌یه‌كی ناڕه‌وایان له‌سه‌ر زه‌مینی گه‌لی فه‌له‌ستین بنیاتنا، خه‌ڵكی وڵاته‌ داگیركراوه‌كه‌شیان ده‌ربه‌ده‌ر و په‌ڕاگه‌نده‌ و زۆرجاریش قه‌تڵعام كرد.

له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌، مسوڵمانانی فیداكاری كه‌رتی غه‌ززه‌ زه‌برێكی گورچكبڕیان له‌و قه‌واره‌ ناڕه‌وایه‌ وه‌شاند و به‌توندیی هه‌ژاندیان، بۆ تێكڕای مسوڵمانان و مرۆڤه‌ ویژدان زیندووه‌كانی دنیا، مایه‌ی دڵخۆشیی بوو، له‌نێویشیاندا خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی، باكوور، باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، به‌ڵام جێی داخ و سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ كه‌مینه‌یه‌ك به‌و ڕووداوه‌ كێچیان كه‌وته‌ كه‌وڵ، زۆر بێزار و نیگه‌ران بوون، ته‌نانه‌ت به‌هۆی نووسینێكی به‌نده‌وه‌ له‌ ٧ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ كه‌سانێك له‌و دڵسووتاوانه‌ی جووله‌كه‌ زایۆنییه‌كان، كه‌ وابه‌سته‌ و دابه‌سته‌ی به‌رپرسانێكی ده‌سه‌ڵاتدار یان بێ ده‌سه‌ڵاتی پاره‌دارن، پاره‌ی حه‌رام و به‌ ناڕه‌وایی په‌یداكراو، كه‌وتنه‌ قسه‌ی ناشیرین كردن، بوختان و درۆ هه‌ڵبه‌ستن به‌رامبه‌ر به‌ به‌نده‌، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ جنێودان و تۆمه‌ت و درۆ هه‌ڵبه‌ستنانه‌، وه‌ك تفی به‌ره‌و سه‌ر بۆ خاوه‌نیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

دڵسۆزانه‌ش به‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ و پێش ئەوانیش، به‌ هانده‌ره‌ پاره‌ پێده‌ره‌كانیان ده‌ڵێم: دڵنیابن به‌ ماستاوی به‌لاش كردن بۆ جووله‌كه‌ سته‌مكاره‌كان و، دژایه‌تییكردنی مسوڵمانه‌ فه‌له‌ستینییه‌ وڵات داگیركراوه‌كان، هه‌ر گوناهبا‌ریی و شه‌رمه‌زاریی بۆ خۆتان زیاد ده‌كه‌ن، ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆتان ئاشكراتر ده‌كه‌ن، نیشانه‌ی پرسیاریش نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر مسوڵمانێتی‌ خۆتان په‌یداده‌كه‌ن، چونكه‌ مرۆڤ ئه‌گه‌ر مسوڵمان بێ ده‌بێ پشتی مسوڵمانان بگرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك فه‌له‌ستینییه‌كان مه‌زڵوومیش بن، هه‌روه‌ها مزگه‌وتی ئه‌قصا و قودسیش خاڵی هاوبه‌شی نێوان تێكڕای مسوڵمانانه‌، چونكه‌ یه‌كه‌مین ڕووگه‌ و سێیه‌مین حه‌ڕه‌میان و، شوێنی سه‌فه‌ری شه‌وڕۆ و میعڕاجی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یانه‌: {سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِّنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ (1)} الإسراء.

بگره‌ نیشانه‌ی پرسیار – بۆ به‌شێكتان – له‌سه‌ر كوردایه‌تیی و خه‌باتی ڕزگاریخوازیی و، بۆ به‌شێكیشتان له‌سه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ و دروشمه‌ دیماگۆجیی و خه‌ڵك فریوده‌ره‌كانیشتان په‌یداده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا فه‌له‌ستینییه‌كان بۆی تێده‌كۆشن، هه‌مان ئامانجه‌ كه‌ كاتی خۆی هه‌موولایه‌كمان له‌ باشووری كوردستاندا بۆی تێكۆشاوین، ئێستاش له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا خه‌باتی بۆ ده‌كرێت!

بۆیه‌ش ده‌ڵێم:

هه‌ركه‌س له‌م ڕۆژگاره‌دا پشتیوانیی له‌ مسوڵمانانی سته‌ملێكراوی فه‌له‌ستین نه‌كات، له‌ به‌رانبه‌ر سته‌می جووله‌كه‌ زایۆنییه‌كاندا، نیشانه‌ی پرسیاری زه‌قی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر له‌ ڕووی: مسوڵمانێتی‌، كوردایه‌تیی و مرۆڤایه‌تییشه‌وه‌!

له‌ كۆتایی ئه‌م نووسینه‌شمدا ده‌ڵێم:

گه‌لی جووله‌كه‌ش وه‌ك هه‌ر گه‌لێكی دیكه‌ مافی خۆیه‌تی خاوه‌نی ئیراده‌ و ئیداره‌ی خۆی بێ، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی دیكه‌ و به ‌زۆر و سه‌پاندن.

چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی كێشه‌ی گه‌لی فه‌له‌ستین به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ له‌سه‌ر خاكی خۆی، خاوه‌نی قه‌واره‌ و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێ، چیدیكه‌ په‌ڕاگه‌نده‌ و ده‌ربه‌ده‌ر نه‌بێت.

ناتانیاهۆ:ڕۆژانی سەخت چاوەڕێمانە و گومانمان نییە سەردەکەوین
پێت ناتانیاهۆ:ڕۆژانی سەخت چاوەڕێمانە و گومانمان نییە سەردەکەوین
پەروەردە و گیانی بەرپرسیارێتی
دوات پەروەردە و گیانی بەرپرسیارێتی
پەیوەنیدر