مەلا بەختیار ڕەخنەی توند لە دۆخ و حکومڕانیی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت گەندەڵکاران سزا نادرێن و دوای 31 ساڵ حکومڕانیی، هەرێمی کوردستان 30 ملیار دۆلار قەرزدارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کاتی دەستپێکردنی بیست و شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لە سلێمانی، مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە وتارێکی پێشکەش کرد و ڕەخنەی لە دۆخی هەرێمی کوردستان گرت.
مەلا بەختیار ڕایگەیاند بە هۆی ئەو قەیرانانەی کە هەموو لایەنەکان لێی بەرپرسن، خەڵك تووشی بێ ئومیدی بووە و 95٪ی بەرهەمە ئەدەبییەکانیش ناڕازین لە حکومڕانیی هەرێمی کوردستان.
وتیشی: بەردەوام ژمارەی گەندەڵکاران زیاد دەکات، بەڵام نەمان بینی دوو کەس لەسەر گەندەڵی سزا بدرێن.
مەلا بەختیار ڕاشیگەیاند، دوای 31 ساڵ حکومڕانی، بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان 30 ملیار دۆلار قەرزدارە.
ئاماژەشیدا بە پاشەکشەی ڕۆڵی کورد لە عێراقدا و ڕایگەیاند تازە حکومەتی هەرێم بیرە لەوە دەکاتەوە کە بەغدا چەقی چارەسەر و دەڵێت بە بێ بەغدا مووچەمان پێ نادرێت.