حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ڕاستەوخۆی مووچە لە بەغداوە بڕیاریدا



ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، وەك شایستەی دارایی خۆیان دابین بكات و وابەستە نەكرێت بە ناكۆكیی و كێشە سیاسییەكان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی كۆبۆتەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كرد بە بۆنەی گرێدانی كۆنگرەی پێنجەمینی یەكێتی، بە ئومێدی ئەوەی ئەم كۆنگرەیە، ببێتە مایەی برەودان بە دەرفەتی كاری هاوبەش و پێكەوەیی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و یەكهەڵوێستی لەپێناو دابینكردن و پاراستنی ماف و دەسەڵات و شایستەكانی هەرێم لە بەغدا، لەپێش هەمووشیانەوە مووچە و بودجەی هەرێم.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، لەلایەن عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون، دوا هەنگاو و بەرەوپێشچوونەكانی كاری وردبینكردنی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم خرایە ڕوو، كە ماوەی هەفتەیەكە دەست بەكار بوون. ئەم هەنگاوەش، دەستپێشخەری شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بوو بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران لە دوا سەردانی بۆ بەغدا.

لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە هەماهەنگی وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا، كە سەرجەم زانیاریی پێویست خراوەتە بەر دەست لیژنە هاوبەشەكە، بەم جۆرەش ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە جێبەجێ كراوە و ئیتر ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، وەك شایستەی دارایی خۆیان دابین بكات و وابەستە نەكرێت بە ناكۆكیی و كێشە سیاسییەكان و پابەندییەكان و پێویستە بەیەك چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بكرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدڕاڵ، بەو پێیەی هاووڵاتییانی عێراقی فیدڕاڵ بە هەرێمی كوردستانیشەوە، یەكسانن لەبەردەم یاساكان و نابێت جیاكاریی بكرێت لە پێدانی شایستەی مووچەخۆران لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا.

سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشتر هەموو داتا و زانیارییەكانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر ڕوون و شەفاف و تۆماركرا و لە سیستەمێكی ئەلیكترۆنیی پێشكەوتووی بایۆمەتریی، پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ كردووە و بەردەوامیشە لەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتەكانی هاتوو لە دەستووردا و بە گوێرەی پێداویستییەكانی سیستەمی فیدراڵی لە بواری دارایی، حكومەتی هەرێم درێغی ناكات لە هەوڵەكانی لەم بارەیەوە و بە ئەركی لەپێشینەی دەستووریی و قانونیی خۆی دەزانێت، لەبەرانبەردا ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە كە پابەندیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بكات، بە تایبەتیش كە زانیاریی تەواو لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەكانیان و ئەو یاسا و ڕێنماییانەی كە پەیوەندیدارن هەیە و لە هەمانكاتدا لە ناو خشتەكانی بودجەی فیدڕاڵیشدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانكراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تا شایستەكانی هەرێم ڕابگرن.

دەشڵێت: “پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەك هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاكانی عێراق، مانگانە بێ هیچ كێشە و ئاستەنگێك، مووچەكانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم وەربگرن”.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بابەتی ڕێكار و هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەكانی ئەم بابەتە لە نێوان عێراق و توركیا و ئامادەكارییەكانی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان كە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە وەكالەت، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا خرایەڕوو، كە تێیدا ئاماژە بەوە كرا هەرێمی كوردستان لە دوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە لە 6/25 ی ئەمساڵەوە، پابەندیی خۆی بە ڕادەستكردنی نەوتی ڕۆژانەی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كردووە بەو بڕە نەوتەی داوایان كردووە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە خەرج بكات. ئەمەش نیازپاكیی هەرێم پیشان دەدات.

لە هەمان كاتدا هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی لەبارەی خەرجییەكان بە گرنگ زانی تاوەكوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای بەندەری جەیهان سەركەوتوو بێت. كە لە 3/25ی ئەمساڵەوە نەوت ڕاگیراوە و زیانی دارایی گەورەی بە داهاتی گشتیی عێراق و هەرێم گەیاندووە.

دواتر وەزیری كاروباری پێكهاتەكان ئایدن مەعرووف، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە ڕەوشی گشتیی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو، كە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی بە ئاراستەی پەرەپێدان و پتەوكردنی زیاتری دۆخی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و پاراستنی مافە ڕەواكانیان لەخۆ گرتبوو.

سەرۆك وەزیران جەختی كردەوە، كە بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە یەكێك لە سیما گەشەكانی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە كە شانازی پێوە دەكەین و هەرچی پێویست بێت لە پێناو پاراستن و گەشەپێدانی ئەو بەیەكەوەژیانە دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان وەك هەمیشە مەڵبەند و لانكەی ئارامی نەتەوە و ئایین و ئایینزا و كولتوورە جیاوازەكان بێت و هەموومان لە كوردستان كە نیشتمانی هەموومانە، بە ئاشتیی و خۆشەویستی بژین.

بڕیار لە زیادكردنی مووچەی بەشێكی مووچەخۆران درا
پێت بڕیار لە زیادكردنی مووچەی بەشێكی مووچەخۆران درا
“بەمەبەست هەندێک شت بەرامبەر سلێمانی کراوە”
دوات “بەمەبەست هەندێک شت بەرامبەر سلێمانی کراوە”
پەیوەنیدر