ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا مووچەی خانەنشینان زیاد دەکرێت بهتایبهت ئهوانهی، كه پلهكانیان نزمه و مووچهكانیان بهگوێرهی پێداویستیهكانی ژیانی ڕۆژانهیان نیه.
محەمەد نوری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامە (الصباح)ی نیمچە فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە، “زیادکردنی مووچەی خانەنشینان بۆ پلە نزمەکان لە ماوەی ڕابردوودا ڕاگیرابووە لەبەرئەوەی هیچ پارەیەک نەبوو بۆ زیادكردنی مووچەکانیان، بەڵام لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە زیاد دەكرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە ،”لە ئێستادا كاركردن بەردەوامە بۆ ئەوەی لە بودجەدا ئەو زیاد کردنە مسۆگەر بکرێت بۆ ئەوەی مووچەکانیان لەگەڵ تێچوونی زۆری ژیاندا بگونجێنن.”
ڕاشیگەیاندووە، “لیژنەی دارایی چاوەڕێی ئەوە دەکات، کە تەمویلی ڕاستەقینە هەبێت، بەتایبەتی دوای ئەو قەیرانە ئابوورییەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لە بازاڕی هاوتەریبدا عێراقی گرتۆتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی ڕوونیکردەوە، “زیادکردنەکە دەدرێت بەو کەسانەی، کە پلەکانیان نزمە بۆ ئەوەی لەگەڵ تێچوونی ژیاندا بگونجێت و لەوانەیە زیاتر لە ٤.٥ ترلیۆن دیناری پێویست بێت”.