ماوەی 5 ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵگیرسانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسڕائیل و تا ئێستا زیاتر لە 2 هەزار كەس كوژراون و نزیكەی 10 هەزار كەسیش بریندارن و تەرمی كوژراوەكان بەجۆرێك لەسەر شەقام بڵاوبوونەتەوە، كە تیمە تەندروستییەكان فریای كۆكردنەوەیان ناكەون.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، ژمارەی کوژراوانی غەزە گەیشتە هەزار و 55 کەس و هاوكات 5 هەزار و 184 كەسیش بریندارن.
بریکاری وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاندووە، 60%ـی بریندارەکان منداڵ و ژنن و لە نەخۆشخانەکان هیچ قەرەوێڵەیەکی چۆڵ نەماوە و دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانیش لە تەواوبووندان.
لای خۆشیەوە، حكومەتی ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ژمارەی كوژراوەكان ڕووی لە هەڵكشانە و تا ئێستا 1200 سەرباز و هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
هاوكات، كەتائیبی قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی ڕایگەیاندووە، ژمارەیەك مووشەكی دیكەیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل كردووە و لە تۆڵەی بە ئامانج گرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی مووشەكبارانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی (بن گۆریۆن)ی ئیسڕائیلیان كردووە.