ئەنجومەنی وەزیران، پرسی دەستپێکردنەوەى ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى بەندەرى جەیهان و وردبینیکردنی ژمارەى مووچەخۆرانی هەرێم و تاوتوێ دەکات.
ماڵپەڕی حکومەتی هەریمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا دواهەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی وردبینیکردنی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵی و هەرێم دەخرێتە ڕوو.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەشدا بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەکانی ئەم پرسە لە نێوان عێراق و تورکیا باس و گفتوگۆی لێوە دەکرێت.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕەوشی پێكهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.