به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی پارێزگای هه‌ولێر فێڵێكی شۆفێران لەكاتی تۆماركردن و بەناوكردنی ئۆتۆمبێل ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ژمارەی مۆبایلی هەڵەش دابنێت، ئەوا غەرامەی سەرپێچی هەر لەسەریان تۆمار دەبێت و تەنها ئەوەیە بەنامە بۆیان ناڕوات.
فازڵ حاجی، وته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “كاتێك هاووڵاتی فێڵ له‌خۆی ده‌كات دووچاری ئه‌و حاڵه‌ته ده‌بینه‌وه، ئه‌مڕۆ هاووڵاتیه‌ك نامه‌یه‌كی بۆ نا‌ردوم، كه نامه‌ی سه‌رپێچی بۆده‌چێت، له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سه له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته، ئه‌وه چۆن ڕووده‌دات؟”.
وتیشی، “ئێمه له‌كاتی تۆماركردنی هه‌ر ئۆتۆمبێلێك، سه‌رجه‌م زانیارییه‌كانی خاوه‌نه‌كه له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌و كه‌سه ده‌رده‌هێنین، تاكه شت، كه به‌زاره‌كی لێی وه‌رده‌گرین ژماره ته‌له‌فۆنه‌كه‌یه‌تی، جا هه‌ندێك هاووڵاتی وه‌كو جۆرێك له فێڵكردن له‌ئێمه ژماره ته‌له‌فۆنی هه‌ڵه ده‌ده‌ن، به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی، كه سه‌رپێچیه‌كان له‌سه‌ریان تۆمارنه‌كرێت و نامه‌ی سه‌رپێچیان بۆنه‌چێت”.
وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاشكراشی كرد، “هه‌ندێك له هاووڵاتیان واتێگه‌یشتون ته‌نها له‌ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه ئێمه سه‌رپێچیه‌كان تۆمارده‌كه‌ین و نامه ده‌نێرین، تكایه ئاگاداری ئه‌و حاڵه‌ته بن، هه‌وڵی فێڵكردن مه‌ده‌ن، چونكه له‌ده‌ره‌نجام سه‌رپێچیه‌كان له‌سه‌ر تۆماری ئۆتۆمبێله‌كانتان تۆمار ده‌كرێن و نامه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌شتان بۆنایه‌ت، به‌مه‌ش پاره‌یه‌كی زۆری سزاتان له‌سه‌ر كۆده‌بێته‌وه”.