لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە جدی كار بۆ جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی تایبەت بە رێكخستنی هاتوچۆی خوێندكاران دەكات، سەرۆكی لیژنەی گواستنەوەی خوێندكارانیش دەڵێت: “جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان جگە لە خوێندكاران، پارێزگاری لە بەرژەوەندی شۆفێری تەكسی و پاسەكانیش دەكات”.
ئارام مەحمود، سەرۆكی لیژنەی چاودێركردنی هاتووچۆی تایبەت بە خوێندكاران لەبارەی هەوڵ و چالاكی لیژنەكەیان بۆ ڕێكخستنەوەی شێوازەكانی گواستنەوەی خوێندكاران لە خوێندنگا حكومی و ناحكومییەكاندا ڕایگەیاندووە، لیژنەكەیان لە سەرەتای دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندن، لەسەرەتای مانگی ئەیلول تا مانگی كانونی یەكەمی ئەمساڵ (234) سەردانیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن ئەنجامداوە.
دەشڵێت: “لەو سەردانانەشدا (14) شۆفێر ئاگاداركراونەتەوە، كە پابەندی ڕێنماییەكان بن، بەهۆی كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان (42) سەرپێچی و (3) حاڵەتی دادگا تۆماركراوە”.
ڕاشیگەیاندووە، لیژنەكەیان بە جددی كاری بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێنماییانە كردووە كە تایبەتن بە گواستنەوەی خوێندكاران و ئەو شۆفێرانەی لە ڕێنماییەكان لادەدەن لیژنەكەمان ڕێوشوێنی گونجاو و پێویستیان لەگەڵدا دەگیرێتەبەر و بەپێی جۆری سەرپێچییەكانیش سزاكان دیاریدەكەین.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە جۆری سزاكان زیاتر لە جۆرێكە وەكو (غەرامەكردن، دوورخستنەوەی كۆمپانیا، دەستگرتن بەسەر ئۆتۆمبێل، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست و دوورخستنەوەی شۆفێر و دانانی ئۆتۆمبێل و شۆفێرێكی دیكە لە شوێنی)، ئامانج لە سزادانی شۆفێرەكان تەنها بۆ پاراستنی سەلامەتی چۆنییەتی رێكخستنەوەی هاتووچۆی خوێندكارەكانە، لەبەرئەوەی جێبەجێكردنی رێنماییەكانیش جگە لە خوێندكاران سەلامەتی و بەرژەوەندی شۆفێری تەكسی و پاسەكانیش دەپارێزێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، بەهۆی زۆری سكاڵای هاووڵاتیان و نەبوونی ڕێنماییەكی فەرمی، كە چاودێری هۆكانی گواستنەوەی پاس و تەكسی لە ناوەندەكانی خوێندن بكات، لە كۆتایی ساڵی 2017 قائیمقامیەتی سلێمانی كۆمەڵێك رێنمایی تایبەتی دەركردووە، لەو پێناوەشدا لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنی هەموو ساڵێك تاوەكو تەواو بوونی پرۆسەكە كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێنماییانە دەكات.