فەرمانگەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی 72 كاتژمێردا، توركیا 145 ناوچەی مەدەنی كردۆتە ئامانج، كە وێستگەی كارەبا و ئاو و وزە و خوێندنگەی تێدایە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) ڕایگەیاندووە، لەماوەی (72) كاتژمێردا، توركیا بۆردومانی زیاتر لە (145) ناوچەی ئارامی كردوین، كە وێستگەكانی كارەبا و ئاو و وزە و خوێندنگەكانی گرتووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، هێرشی ئەمدواییەی توركیا بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەوڵ و توانای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كردووەتە ئامانج، لەچوارچێوەی سیاسەتی دوژمنكاریی بۆ پەكسختنی ژیانی هاوڵاتیان.
دەشڵێت: “ئەوە كردنە ئامانجی هەوڵە نێودەوڵەتیەكان و كاری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنیەكانە، كە كاریان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و خزمەتی دانیشتوانی ناوچەكە كردووە دوای شكستپێهێنانی داعش”.
فەرماندەی گشتی هەسەدە جەختیشی كردۆتەوە، وێرانكردنی ژێرخانی ناوچەكە، تاوانی جەنگەو ناكرێت بە لەوە كەمتر پێناسە بكرێت.