ئەنجوومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، جەخت لە پابەندبوون بە ژیان و گوزەرانی خەڵك و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كرایەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاندووە، هەمووان وەك یەك تیم و لەپێناو ڕاپەڕاندنی ئەركە چارەنووسسازەكاندا كاربكەن و خزمەتی كوردستان بكەن.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “جەخت لە پابەندبوون بە ژیان و گوزەرانی خەڵك و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كرایەوە، كە كاری لەپێشینەی سەركردایەتی دەبێت”.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجوومەنی سەركردایەتیی نوێ، یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی وەك دەستپێكی كارەكانی لەدوای پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سازكرد.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە لەهۆڵی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆكی یەكێتی پیرۆزبایی لە هەڤاڵانی نوێی سەركردایەتی كرد و جەختی لەوەكردەوە كە هەمووان وەك یەك تیم و لەپێناو راپەڕاندنی ئەركە چارەنووسسازەكاندا كاربكەن و خزمەتی كوردستان بكەن.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی یەكێتی رۆڵی هەڤاڵانەی عومەر شێخ موس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و هەڤاڵ دلێر سەیدمەجیدی لە سەرخستنی كارەكانی كۆنگرە بەرزنرخاند و رایگەیاند، بە ئەوپەڕی رێز و پێزانینەوە لە رۆڵ و پێگەی ئێوەی تێكۆشەرە سەرەتاییەكان دەڕوانین و شانازیتان پێوەدەكەین.
هەروەها سەرۆك بافڵ بەناوی ئەنجوومەنی سەركردایەتییەوە سوپاسی هەڤاڵانەی كۆمسیۆنی بەڕێوەبردنی كۆنگرەی كرد كە سەركەوتووانە ئەركەكانیان بەجێگەیاندووە و لەبەرامبەریشدا راپۆرت و دۆكیومێنتە پەسەندكراوەكانی كۆنگرەیان پێشكەشی سەرۆك بافڵ كرد.
لە بەشێكیتری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا، ئەركە حزبی و رێكخراوەییەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە پابەندبوون بە ژیان و گوزەرانی خەڵك و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كرایەوە كە كاری لەپێشینەی سەركردایەتی دەبێت، بڕیاریشدرا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سبەینێش ٩ی تشرینی یەكەم بەردەوام دەبێت.