جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لقی سلێمانی رایگەیاند، مەرجی شکاندنی بایکۆت دابەشکردنی دوو مووچەیە بەسەر یەکەوە و جگە لەوە بایکۆت کۆتایی نایەت.
مامۆستا عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لقی سلێمانی ، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند،
حکومەتی هەرێم لەسەر گەندەڵی و بێباکی لەبەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران سورە، و هەرگیز خەمی مووچەی فەرمانبەرانی نەبووە، هەر هەوڵێکیش بۆ باشترکردنی مووچە و گوزەرانی ئەوان بێت،هەمیشە هەوڵی لە ناوبردنی داوە،
عەتا عەتا باسی لەوەشکرد، بایکۆتی مامۆستایان و بەشێک لە فەرمانبەران حکومەت و بەرپرسانی بێزار و سەخلەت کردووە و لەچەند شوێنێک کەوتونەتە سزادانی مامۆستایان و هەرەشەکردن لە مامۆستایان و وانەبێژان،
وتیشی، داوا لەحکومەت دەکەین مووچەی مانگی ٨ و ٩ بەیەکەوە دابەش بکەن ئەگەر نا ئەوا بەردەوام بن لە بایکۆت و خۆپیشاندانەکان تاوەکو حکومەت گوێ لە داواکارییەکانمان دەگرێت،
بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە بەردەوامە و مەرجی سەرەکیشیان پیدانی دوو مووچەیە بەسەر یەکەوە، هاوکات مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەجیا داواکارییەکیان رادەستی پەرلەمانی عێراق کردووە، بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان هاوشێوەی سەرجەم مووچە خۆرانی عێراق، بەڵام حکومەتی هەرێم بەمە رازی نییەو دەڵێت، دەبێت مووچە لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمەوە دابەشبکرێت.