سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عیراق ڕایگەیاند، دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان سەرجەمییان دیاریکراون، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ داخستنی سەرجەم دەوازە نافەرمییەکان.
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراق ڕایگەیاند “دەروازە نافەرمییەکانی سنووری هەرێمی کوردستان سەرجەمییان دیاریکراون و زیان بە ئابووری عیراق دەگەیەنن، کۆنترۆڵکردنی هاوردەکردنی بەرهەمە بیانییەکانی لە ڕێگەی ئەو دەروازانەوە سەختتر کردووە”.
ئاماژەی بەوەکرد، ” لەگەڵ هەرێمی کوردستان لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ داخستنی سەرجەم دەوازە نافەرمییەکان، کۆبوونەوەی بەردەوام لەنێوان عێراق و هەرێم هەیە بۆ بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە دەروازە سنوورییەکانی فیدڕاڵی”.
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، ” پێویستە حکومەت ڕێکارەکانی بگرێتەبەر بۆ یەکلاییکردنەوەی ٢٠ خاڵ و هەشت دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان تا بگەینە چارەسەری کۆتایی”.