حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاگادار دەکاتەوە لەوەی وەزیری دارایی بە هۆی سەرقاڵبوونی بە وردبینیکردن لە ژمارەی مووچەخۆرانەوە، ناتوانێت ئامادەی میوانداریی لیژنەی دارایی بێت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران میوانداریی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کێشە داراییانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بوون.
بەڵام بە هۆی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی هەرێمەوە، کۆبوونەوەکە دواخرا.
بە پێی نووسراوێکی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کە لە ڕێی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کراوە، ئاوات شێخ جەناب ئەم هەفتە و هەفتەی داهاتووش ناتوانێت ئامادەبێت لە لیژنەی دارایی.
هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی وەزیری دارایی سەرپەرشتی ئامادەکردنی وردبینی ژمارە و بڕی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشین و ئەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە دەکات.