قائیمقامى ههولێر بڕیارى وهزارهتى ناوخۆى حكومهتى ههرێمی سەبارەت بە قەدەغەکردن و دەستبەسەرداگرتنی سیمكارته بێ ناسنامهكانهوه ڕاگەیاند.
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، “هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی سیمکارتە بێ ناسنامەکانەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەستیپێکردووە، بەڵام هەڵمەتەکە چڕدەکرێتەوە و ئەو کەسانەی سیمکارتی بێناسنامە بفرۆشن ڕێکاری توندی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.
ئاماژەی ەبوەکرد، “بڕیاری ژمارە ١١٠ی تایبەت بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێناسنامە لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەرچووە، لەلایەن لیژنە ئەمنییەکان و قائیمقامیەتەکان کاری لەسەردەکرێت، لایەنێکی دیکەی جێبەجێکاری بڕیارەکە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە، دەبێت کۆمپانیاکان لەرێگەی بریکارەکانیان سیمکارتەکان دابەشبکەن و چاودێریان بکرێت، نابێت سیمکارت بدرێت بە هەمووکەس و بەبێ ڕێکارە یاساییەکان بیفرۆشنەوە، چونکە سیمکارتە بێ ناسنامەکان بوونەتە هۆکار بۆ چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی”.
قائیمقامی هەولێر دووپاتی کردەوە، “هەرکەسێک سیمکارت بفرۆشێت دەبێ ئەو سیمکارتە فۆڕمی هەبێت و بە ناسنامە لە ناوەندە فەرمییەکان کە مۆڵەتیان هەیە وەرگیرابێت، نەک هەر کەسێک لە دوکان و سەر مێزێک سیمکارت بفرۆشێت”.
وتیشی، “هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی سیمکارتی بێناسنامە چڕدەکرێتەوە و لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی بەشی ڕێکاری، شارەوانی و تیمەکانی ئاسایش جێبەجێدەکرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوکەسانە دەگیرێتەبەر کە ئەوجۆرە سیمکارتانەیان لێ بگیرێت، هەڵمەتەكهش هەموو جۆرەکانی سیمکارت دەگرێتەوە بەئینتەرنێتیشەوە، سیمکارتی بێ فۆڕم و ناسنامە لەهەرکەسێک بگیرێت دەستی بەسەردادەگیرێت و سزای دارایی بەسەر خاوەنەکەشیدا دەسەپێنرێت”.
پێشتریش لیژنەیەکی باڵا لەوەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕێگریکردن لەفرۆشتنی سیمکارتی بێناسنامە پێکهێنراوە