د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاری پێشوی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناردنی ڕاستەوخۆی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەستورییە و هیچ رێگرییەكی یاسایی و دەستوری نیە.
چەند ڕۆژێك پێش ئێستا ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێم سەردانی چەند پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان كرد و داوایان كرد، كە ڕاستەوخۆ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق مووچەكانیان دابین بكات و واژۆی 60 هەزار فەرمانبەر ڕادەستی عێراق كرا و ئێستاش هەڵمەتی كۆكردنەوەی واژۆی زیاتر دەستی پێكردووە، دوێنێش 2/10/2023 فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە پەرلەمانی عێراق جگە لە فراكسیۆنی پارتی، واژۆیان كۆكردەوە و داوا دەكەن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە بدرێت.
د. یوسف محەمەد، ڕایگەیاندووە ڕەسمكردنی سیاسەتی دارایی (كە پرسی مووچەش ئەگرێتەوە) بە پێی مادەی (١١٠/ سێیەم)ی دەستوور لە سەڵاحیاتە حەسرییەكانی دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانە، لەبەر ئەوە ڕێگری دەستووری نیە، ھەروەھا ھەرێم ھیچ یاسایەکی تایبەتی نییە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم، بەڵکو ھەر یاساکانی عێراق راستەوخۆ جێبەجێ ئەکات بە یاساکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوش، وەک یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە (٢٤)ی ساڵی ١٩٦٠ی ھەموار کراو، یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ی ھەموار کراو و ھەروەھا یاساکانی خانەنشینیش.
ڕاشیگەیاندووە، لەبەرئەوەی یاساكانیش بۆ مووچە وەک یەکن، ئاسانترە وەك لەوەی ئەگەر یاساكان جیاواز بوونایە. ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم پێشێلی ئەو یاسا فیدڕاڵییانەیان کردوە لە پێنەدانی مووچەی تەواوی مووچەخۆران و خانەنشینان و وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەو داواکارییە بەھێزتر ئەکات، کە ڕاستەوخۆ مووچە لە لایەن حکوموتی فیدڕاڵەوە بدرێت بە مووچەخۆرانی ھەرێم.
ئاشكراشی كرد، تەنانەت یاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ لە مادەی (١٣/ ھەشتەم/ أ و ب) رێی بە حکومەتی فیدڕاڵ داوە ڕاستەوخۆ ئەرکی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە ئەستۆ بگرێ.
وتیشی، “پێشتر بەشێکی کوتلە سیاسییەکان و تەنانەت حکومەتی فیدڕاڵیش ئەوەیان رەد کردەوە و دەیانوت حكومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و پێویستە لە داهاتی نەوت مووچە دابین بكات، ئێستا کە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە فەرمی ڕاگیراوە، ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ھەموو ناوچەکانی تری عێراق دابین بكات، کە ئەمەش تەنھا رێکاری ئیداری و بانکیی پێویستە. ئیتر کاتییەتی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە”.
حكومەتی عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)ی مووچەخۆران و خانەنشینانە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا مووچەی مانگی تەمموزی بەتەواوی دابەشنەكردووە.