بریكاری وەزیری دارایی عێراق، كە لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات و دەشڵێت: “بەپێی یاسای بودجە دەبێ حکومەتی فیدڕاڵی مانگانە 775 ملیار دینار وەك مووچە بۆ ھەرێمی كوردستان خەرج بکات”.
مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، “بەپێی دەستووری عێراق، حکوومەتی فیدڕاڵی ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجییەکی تر بۆ ھەرێم خەرج بکات”.
دەشڵێت: “ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا دەبێ لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمییەكانی ھەردوو لاوە بێت، کە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیە”.
جەختیشی كردۆتەوە، بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتیی 2023، دەبێ حکومەتی فیدڕاڵی مانگانە 775 ملیار دینار وەك مووچە بۆ ھەرێمی كوردستان خەرج بکات لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی لە بەغدا ئاماژەی بەوەشكردووە، “ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، حكومەتی فیدڕاڵی ناتوانێت جێبەجێی بکات، چونکە پێچەوانەی ماددەی 117 و121ی دەستوورە”.