سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانمان بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کاری لەپێشینەی ئێمەیە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی پێشوازی لە دەیڤد بەرگر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کرد.
سەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاند، هەوڵەکانمان بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کاری لەپێشینەی ئێمەیە و نابێت ئەم پرسە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت.
لای خۆشیەوە، دەیڤید بەرگر پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی یەکێتی لە بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی نوێ و سەرکەوتنی پێنجەمین کۆنگرەی حزبەکە کرد.
بافڵ تاڵهبانی و دەیڤد بەرگر گفتوگۆیان لهسهر دۆخی گشتیی وڵات و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا كردوه و جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان کردوهتەوە بەشێوەیەک کە مافی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە پارێزراوبێت.
ههر له دیدارەکەدا بافڵ تاڵهبانی ستایشی هەوڵە ئەرێنییەکانی ئەمریکای کردوه بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و وتویهتی: “باشترین بژاردە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، پابەندبوونە بە دەستوور و ئەو رێککەوتنانەی کراون، هەموو هەنگاوێکیش لەدەرەوەی ئەم ئیرادەیە، زیانگەیاندنە بە مافی خەڵک و بەرژەوەندییە گشتییەکان”.