وتەبێژی كۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە بە پێی بڕیاری كۆمسیۆن، سبەینێ گەڕی دووەمی كۆنگرە ئەنجام دەدرێت.
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی، وتەبێژی كۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی بڕیار و یاساکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سبەینێ سێ شەممە بەرواری ٣-١٠-٢٠٢٣ گەڕی دووەمی کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
ڕۆژی شەممە 30-9-2023، لەسەرداوای کۆمسیۆنی عێراق بڕیاربوو کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە سلێمانی بەڕێوەبچێت و هەردوو باڵەکەی ئەو حزبە (باڵی عیرفان علی عەبدولعەزیز و باڵی كامیلی حاجی عەلی) لەسەر ئەنجامدانی كۆنگرە و هەڵبژاردنی ڕابەری گشتی بۆ حزبەکەیان ڕێکبکەون، بەڵام بەهۆی كێشە لە نەبوونی ناوی بەشێك لە ئەندامانی كۆنگرە و كەمی ژمارەی ئەندامان و تەواو نەكردنی نیسابی یاسایی، كۆنگرە ئەنجام نەدرا.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان بۆ ڕۆژنامەنوووسان ڕایگەیاند، ئەو ژمارەیەی كۆمسیۆن داوای كردبوو، كە دەبێت 1150 كەس بەشداربێت، ئێمە زیاتریشمان ئامادەكردبوو، كە زیاتر لە 1200 كەس بوو، بەڵام هەندێك كەس ناوی نەبوو لە لیستەكەدا و بەوەش 70 كەس ناوی كەم بوو بۆ لیستەكە و ئەو ژمارەیەی كۆمسیۆن دیاری كردبوو، بۆیە كاتێك تیمی كۆمسیۆن هەژماریان كردبوو 1070 كەس ئامادەبوو بەوەش 70 كەس كەمبوو لە ژمارەی نیسابیی یاسایی.