فەرماندەیی یەكینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبارەی بۆردوومانكردنی گوندی سپیاری ناوچەی شارباژێڕ لە ڕۆژی هەینیدا ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
یەرەكە ڕایگەیاند “لە درێژەی پیلانە هاوبەشەكانی دەوڵەتانی توركیا و ئێران لە بەرامبەر گەلی كورد؛ ماوەیەكە بێ ناوبڕ فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بە سەر هەرێمەكانی ئاسۆس و پێنجوێندا دەسوڕێنەوە و لە كوێ بەدەرفەتیان زانیبێت، هێرش دەكەنە سەر گەلەكەمان و گەریلاكانی ئازادی و بەو جۆرە بوونەتە هۆكاری زەرەر گەیاندن بە مڵك و ماڵی هاووڵاتیان”.
ڕاشیگەیاند “هەر لەو چوارچێوەیەدا ئێوارەی ڕۆژی ٠٩/١٢/٢٠٢٢ ، دوای گەڕانەوەی گوندنشینان لەسەركار بۆ ماڵەكانیان، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دوای چەند ڕۆژ سوڕانەوە بەسەر ناوچەكەدا و بۆ پەردەپۆشكردنی شكستەكانیان لە بەرامبەر گەلەكەمان، هێرشیان كردە سەر موڵك و ماڵی گوندنشینان و لە ئەنجامی دووجار هێرشیان بۆ سەر گوندی سپیار ماڵی هاووڵاتییەك كرایە ئامانج”.
ڕونیشیكردەوە “لەو هێرشەدا خەساری مادی بەر موڵك و باخچەی گوندنشینانی سپیار كەوتووە. ئەو جۆرە هێڕشە كوێرانەیە هاوكات بێ چارەیی دەوڵەتی ئێران لە بەرامبەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها شكستی دەوڵەتی تورك لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەل و گەریلایە. بێ گومان بەو هێرشانە لە تێكۆشان سارد نابینەوە و تا گەیشتن بە ژیانێكی ئازاد و دێموكراتیك لە خەبات و تێكۆشان بەردەوام دەبین.”