بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، دڵنیایی بە هەموو یەکێتییەکان و خەڵکی خۆشەویستمان دەدەین کە یەکێتی وەکچۆن لە رابردوودا سەرمەشقی خەبات و تێکۆشان بووە، لە داهاتووشدا بونیادنەری ئاوەدانی دەبێت و گەشەپێدەری بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەبێت. ئێمە لە هەناوی خەڵکەوە دروستبووین و بەرامبەر ئەم رابردووەشمان وەفادار دەبین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، دوای تەواو بوونی کۆنگرەی حزبەکەی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:” لە ئەمڕۆوە هەموومان بە رۆحێکی یەکێتییانەوە، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەندساڵەی تێکۆشەرە دێرینەکانمان، بە وزەی گەنجە داهێنەر و خوێنگەرمەکانمانەوە کە گەورەترین سەرمایەی نیشتمانین و داهاتووی وڵاتەکەمانن، بە شارەزایی و ئەزموونی ژنە لێهاتووەكانمانەوە، قۆناغێکی نوێی کاری حزبی و رێکخراویی دەستپێدەکەین و بە نوێگەری لە کار و کۆدەنگی لە بڕیارەکانماندا، یەکێتی بەهێزتر دەکەین و لەپێناو خزمەتی خاک و خەڵکەکەمان تێدەکۆشین.
“بە دەرفەتی دەزانم سوپاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو بکەم کە دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە لەبەرامبەر ئەرک و ئاڵنگارییەکاندا، سەرکەوتووانە ئەرکەکانیان راپەڕاند و پیرۆزباییش لە سەرکردایەتیی نوێ دەکەم و چاوەڕوانیی ئەوەیان لێدەکەم بە هەموو توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە کار بۆ پاراستنی رێبازی مام جەلال بکەین و یەکێتییەکەمان بپارێزین. هەموو ئەو هەڤاڵانەش کە لە دەرەوەی سەرکردایەتی دەبن، برا و هەڤاڵی منن و پێکەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکان بەردەوام دەبین. یەکێتیی هیچ کەسێکی لێ زیاد نییە و شانازیی بە هەموو ئەندام و لایەنگرانییەوە دەکات و دەرگای بۆ هەموو ئەوانەش کراوەیە کە دەیانەوێت لە ریزەکانی ئەم حزبە تێکۆشەرەوە خەبات بۆ کوردستان بکەن” بافڵ جەلال تاڵەبانی وادەڵێت.
دەشڵێت:”دەمەوێت هەموولایەک دڵنیابن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەمان دڵسۆزی خۆی و بە سیاسەتێکی گونجاو و سەردەمییانە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەردەوام دەبێت. خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەکات و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایانەش بڕوای تەواومان بە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی هەیە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا. دەمانەوێت هەموومان پێکەوە لەچوارچێوەی هەرێمێکی سەقامگیردا، خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین و داهاتوویەکی گەشتر بونیادبنێین. دوورکەوتنەوە و ترازان خزمەتمان ناکات و سەپاندنی ئیرادەی تاکڕەوی زیاتر دۆخەکە دەشێوێنێت، بۆیە هیوادارم هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و لەپێناو ئەو چارەنووسە هاوبەشەی وەک کورد هەمانە، خەبات بکەین و مێژوویەکی پڕ لە شانازی بۆ خۆمان و حزبەکانمان تۆمار بکەین”.
سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند:”دڵنیاتان دەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دیدگا و ستراتیژێکی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لەبەغدا پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە خۆی لە هاوبەشیی راستەقینە، پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیاندا دەبینێتەوە. بێگومان سەرۆک مام جەلال بناغەدانەری ئەم سیاسەتەیە و ئێمەش بە شانازییەوە بەهەمان رێگەدا هەنگاودەنێین. پاڵپشتی و پشتگیریی دۆستەکانیشمان لە بەغدا لەیادناکەین کە هاوکاربوون بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد و هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین”.