وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرای دەكات، كە 3 هێلیكۆپتەر بۆ گواستنەوەی بریندارەكانی ڕووداوەكەی حەمدانیە تەرخان كراوە و دەشڵێت: “35 بریندار گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێم”.
سەیف بەدر، وتەبێژیی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نەینەواوە ڕایگەیاند، وەزیری تەندروستی بەشێوەیەكی مەیدانی سەرپەرشتی چارەسەری بریندارانی ئاگركەوتنەوەكەی حەمدانیە دەكات لە نەخۆشخانەكانی نەینەوا و پارێزگاكانی دیكەش.
ڕاشیگەیاندووە، 3 فڕۆكەی هێلیكۆپتەری (فریاكەوتن) تەرخان كراوە بۆ گواستنەوەی بریندارەكانی لەە نەینەواوە بۆ هەر شوێنێكی دیكە بۆ چارەسەر كردن، ئەگەر پێویست بكات.
ئاشكراشی كردووە، سەرجەم بریندارانی ئاگركەوتنەوەكەی حەمدانیە لە نەخۆشخانەكان چارەسەریان بۆ دەكرێت و لە توانای تەندروستی نەینەوادایە و 35 برینداریش ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی هەرێم كراون.
وتیشی، “ژمارەی بریندارانی ئاگركەوتنەوەكە 150 كەسی تێپەڕاندووە و 120 كەسیش گیانیان لەدەستداوە”.
شەوی ڕابردوو لە ئاهەنگێكی بووك و زاوادا لە هۆڵی (هەیسەم) لە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا ئاگر كەوتەوە و بەپێی تۆمارە ڤیدیۆییەكان بەهۆی شۆرتی كارەباوە ئاگر لە سەقفی باڵەخانەكە بەربووە و داڕووخاوە بەسەر ئامادەبووانی ئاهەنگەكەدا و ئەوەش كارەساتێكی گەورەی لێ كەوتەوە و دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی عێراق و جیهان هەبوو.