مەسرور بارزانی چی بە قەیس خەزعەلی وتووە؟



قەیس خەزعەلی، ئه‌مینداری عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق باسی یەكەم دیداری نێوان خۆی و مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ڕێگه‌ نادەین مووچه‌خۆرانی هه‌رێم مانگێكی تر مووچه‌كانیان دوابكه‌وێت و ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه.

قەیس خەزعەلی، ئه‌مینداری عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ له‌ وتارێكدا له‌ پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی لە سلێمانی ڕایگەیاند، “ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین سه‌ردانمه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و خۆشحاڵم و شانازی ده‌كه‌م، كه‌ له‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی ئاماده‌م، باوه‌ڕمانوایه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت.

ڕاشیگەیاند، “خێری عێراق بۆ هه‌موو عێراقییه‌كانه‌ و به‌شی هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌كات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵكراو نییه‌ له‌ ئێستادا عێراقییه‌ك هه‌بێت له‌م عێراقه‌دا له‌ ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ بژی، ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا هاووڵاتییه‌كی عێراقی له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ ده‌ژی ئه‌وا خه‌تای ئه‌و نیه‌، به‌ڵكو به‌رپرسیارێتی ئێمه‌یه‌”.

خەزعەلی سەبارەت بە یەكەم دیداری خۆی و مەسرور بارزانی وتی، “كاتێك شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی هاتنه‌ به‌غدا وتی، یه‌كه‌مین چاوپێكه‌وتنمه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا و وتی زۆرم بیستوه‌ له‌سه‌ر تۆ و منیش وتم خۆشحاڵم به‌بینی تۆ جا ئەوەی بیستوتە بە باشەیە یان خراپە و ئەویش وتی، ڕاشكاوی و ڕاستگۆییم لەبارەوە بیستوویت و منیش پێموت، هه‌وڵده‌ده‌م بتوانین، كه‌ حوكمێكی فیدڕاڵی بكه‌ین و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنین”.

جەختیشی كردەوە، ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ یه‌كێتی و یه‌كگرتویی خاكی عێراق هه‌یه،‌ بۆیه‌ له‌ ئێستادا فیدڕاڵی ده‌ستپێبكات و له‌ سیستمه‌دا ماف و لێپرسراوێتی خۆی هه‌یه‌، زۆر به‌ راستگۆیانه‌ ده‌یڵێم جگه‌ له‌مه‌ هیچ شتێكی دیكه‌مان نییه‌، ڕێگه‌ نادرێت مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان مانگێكی تر مووچه‌كانیان دوابكه‌وێت و ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ری بكه‌ین.

ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق بۆ هه‌مووانه‌ له‌ نێوانیشیاندا هه‌موو برا و خوشكه‌كانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان، دوێنێ شه‌و ژماره‌یه‌ك برای كوردم لابون، كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گفتومان كرد و بیروبۆچونی خۆم ده‌ربڕی و ئێستا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌، ده‌ڵێم، كه‌ كورد حه‌زی له‌ ئاشتی و سه‌قامگیرییه‌ و هیچ كاتێك ده‌ستدرێژی ناكاته‌ سه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌، به‌ڵام پارێزگاری له‌ ماف و ئاسایشی خۆی ده‌كات، ئه‌م جۆره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ سامانێكه‌ و ده‌بێت پارێزگاری لێبكرێت، ئێمه‌ به‌ ڕاستگۆیانه‌ ده‌ستدرێژ ده‌كه‌ین بۆ قۆناغێكی سیاسی نوێ، كه‌ بتوانێت سه‌قامگیری و ئاشتی و خێر بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی خۆمان دابین بیكه‌ین هه‌ر له‌ زاخۆوه‌ تاوه‌كو فاو”.

داهاتی یارییەکانی كاندی كراش گەیشتە ٢٠ ملیار دۆلار
پێت داهاتی یارییەکانی كاندی كراش گەیشتە ٢٠ ملیار دۆلار
“پێویستە یەکێتی دوای کۆنگرە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵباتەوە”
دوات “پێویستە یەکێتی دوای کۆنگرە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵباتەوە”
پەیوەنیدر