ئەمڕۆ چوارشەممە ئێلێناڕۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هەڵوێستی خۆی بۆ ڕووداوەکەی قەزای حەمدانییە لە پارێزگای موسڵ دەربڕی.
ڕۆمانسکی ڕایگەیاند، ئەوان هاوخەمی خەڵکی عێراقن بەهۆی ئەو کارەساتەی شەوی رابردوو لەکاتی ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا ڕوویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەدان کەس.
شەوی رابردوو، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە یەکێک لە هۆڵەکانی قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای موسڵ بەهۆی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانەوە ئاگر لە هۆڵەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوکات، دۆخی هەندێدێک لە بریندارەکان ناجێگیرە، هەر ئەمڕۆ پارێزگاری موسڵ سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە کردووە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ نۆ کەس لە خاوەن و کارمەندانی هۆڵەکە دەرچووە، چونکە یاری ئاگرینیان لەناو هۆڵەکەدا بەکارهێناوە کە بەکارهێنانی قەدەغەیە.
ڕووداوەکە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە مایەی نیگەرانییەکی گەورە لەسەر ئاستی وڵات و بەوهۆیەوە سێ ڕۆژا ماتەمینی لەسەرتاسەری وڵاتدا ڕاگەیەنرا.