بەبۆنەی یادی سەربەخۆی كۆماری عێراق، كە پێی دەوترێت “ڕۆژی نیشتمانی عێراق”، ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، كە نووسینگەی ڕاگەیاندنەكەی بڵاویكردۆتەوە، بڕیاری داوە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو 3-10-2023 لەسەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی دەوڵەت بكرێتە پشووی فەرمی.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو پشووە بە بۆنەی جەژنی نیشتمانی كۆماری عێراقەوەیە.
لای خۆشیەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خشتەی پشووە فەرمییەكاندا، كە لە ماڵپەڕی فەرمی حكومەت بڵاویكردۆتەوە، ئاشكرای كردووە، ڕۆژی سێ شەممە 3-10-2023 بەبۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی کۆماری عێراقەوە پشووی فەرمی دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە سبەینێ چوار شەممە بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) لە عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە بە پشووی فەرمی.