ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی رابردوو، پڕۆژەی خۆراكی خوێندنگە جێبەجێ دەكرێت، كە نزیكەی نیو ملیۆن خوێندكار لە ناوچە هەژارنشین و قەزا و ناحیەكان دەگرێتەوە و بڕیارە تاوەكو ساڵی 2026 پێدانی ئەو خۆراكە 7 ملیۆن خوێندكار بگرێتەوە.
پرۆژەكە بە هاوكاری ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی-ە و نزیكەی 500 هەزار خوێندكار لە زیاتر لە هەزار و 248 خوێندنگەی ژمارەیەك ناوچەی هەژارنشینی پارێزگا جیاوازەكانی عێراق دەگرێتەوە.
كەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاندووە، “ساڵی رابردوو پڕۆژەی خۆراكی خوێندنگەكان جێبەجێ كرا، ئەمساڵیش جێبەجێ دەكرێت، ئەوەش بە هاوكاری رێكخراوی خۆراكی جیهانی. پڕۆژەكە ناوچە هەژارنشینەكان دەگرێتەوە، كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دیاری كردوون”.
دەشڵێت: “نزیكەی 500 هەزار خوێندكار لە زیاتر لە هەزار خوێندنگەی ژمارەیەك ناوچەی هەژارنشینی پارێزگا جیاوازەكانی عێراق دەگرێتەوە”.
ئاشكراشی كردووە، ئامانجی سەرەكی ئەو پڕۆژەیە پێدانی خۆراكی دروستە بە خوێندكارانی چینی هەژار و وازهێنانی خوێندكارانی لە خوێندن كەمكردۆتەوە.
خواردنەكان، كە دەدرێن بە خوێندكاران پێكهاتوون لە (ئاو یان شەربەت، سەموون، پەنیر و میوە).
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق وتوشیەتی، “وەزارەتەکە هەوڵدەدات سەرجەم خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی لە پرۆژەکەدا بۆ ساڵانی داهاتوو بخاتە نێو پڕۆژەکەوە، کە دەکاتە حەوت ملیۆن خوێندکار، کە تا ساڵی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، هاوتەریب لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەی ساڵانە و بەپێی بڕگەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی مەنهەجی حکومەت”.
لای خۆشیەوە، فیدراسیۆنی پیشەسازی عێراق، خستنەبازاڕی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ خۆراکی خوێندنگەكان ڕاگەیاندووە و دەشڵێت: “لەگەڵ ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی (فاو) بۆ دوو ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبن”.
عادل عكاب، سەرۆكی فیدراسیۆنی پیشەسازی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، یەکێتییەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ ڕێکخراوی خۆراکی فاو کاردەکات، کە بەرپرسیارە لە خۆراک پێدانی خوێندنگەكان.
ئاشكراشی كردووە، پشکنینی خۆراک سەلماندی، کە بەرهەمی عێراقی و تایبەتمەندییەکانی باشترە لەو بەرهەمەی، کە بۆ منداڵان ئامادە دەکرێت وەک بەشێک لە خۆراکی خوێندنگەكان.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت گرێبەستێک سەبارەت بە خۆراک پێدانی خوێندنگەكان ئەنجام بدەن، دەبێت خۆیان لە پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی تۆمار بکەن، کە لەگەڵ ڕێکخراوی خۆراكی جیهانی (فاو) ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی عێراقی پڕۆژەیەكی دیكەی هەیە بۆ پێدانی دەرماڵە بە خوێندكاران، كە بۆ خوێندكارانی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی 30 هەزار دیناری مانگانەیە و بۆ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان بڕی 60 هەزار دینارە.