دوای گەیشتنی نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی بۆ نزیكەی 300 هەزار دینار لەسەرەتای پاییززی ئەمساڵدا، بەڵام لە ئێستادا نرخەكەی بەڕێژەیەكی زۆر ڕووی لە دابەزین كردووە و نرخی یەك بەرمیل نزیكەی 230 هەزار دینارە.
ڕزگار عەبدوڵڵا، كە لە سلێمانی كاری فرۆشتنی سووتەمەنی دەكات بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین كردووە و ئەمڕۆ نرخی یەك بەرمیل لە 230 بۆ 235 هەزار دیناردایە و زۆربەی ئەو نەوتەش بازیانە.
ڕاشیگەیاند، هۆكاری دابەزینی نەوت زیاتر پەیوەندی بە دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیان و هاتنی بڕێكی كەم نەوت لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە لەگەڵ دۆخی ئاسایی كەشوهەواوە هەیە.
سەبارەت بە گلەیی و گازندەی بەشێكی هاووڵاتیان لە خراپی كوالێتی نەوتی بازرگانی، ئەو فرۆشیارەی نەوت وتی، “ڕێژەی سلڤەر لە نەوت بەرزە، كە دەگاتە سەرووی هەزار، ئەمەش وادەكات نەوتەكە هەم بۆنی هەبێت و پڵیتەی سۆپاش ڕەق بكات”.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەڵك) لە ئێستادا لە بەنزینخانەكان لیترێك نەوتی سپی لەنێوان 1050 بۆ 1100 دیناردایە و بەوەش نرخی یەك بەرمیلی 200 لیتری 220 هەزار دینارە بەبێ كرێی گواستنەوە.
حكومەتی هەرێم لەڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە نەوت بە 103 هەزار و 500 دینار بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكات، كە ماوەی نزیكەی دوو مانگە دەستی پێكردووە و تا ئێستا لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش دەكرێت و نەگەیشتۆتە ناو شارەكان.