سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە.
سەرۆکایەتی زانکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی پلەپێدان و هەڵسەنگاندنی دامەزراوەی سیماگۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٣، کە پشت بەست بە بنەماکانی توێژینەوە، داهێنان لەگەڵ کاریگەری کۆمەڵایەتی دەبەستێت، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پلەی یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی هەرێم و پلەی سێیەمی سەر ئاستی زانکۆ تەکنیکی و تەکنەلۆجیەکانی عێراقی بەدەستهێناوە.
ئەوەخراوەتەڕوو، هەر بەپێی هەمان پلەپێدان و هەڵسەنگاندن زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە بواری زانستی کۆمپیوتەر پلەی دووەمی هەرێم و پێنجەمی عێراقی بەدەستهێناوە، بەڵێنیش دەدەن ساڵانی داهاتوو سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بکەنە دیاری شاری سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە کاتێکدا، بەپێی پلەپێدان و هەڵسەنگاندنی دامەزراوەی سیماگۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٣، زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی بەدەستهێنابوو.