سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، لە یادی ڕیفراندۆمدا “خۆی بە عێراقی نازانێت” و ڕایدەگەیەنێت، هیچ كوردێك ئەوە ڕەت ناكاتەوە، كە دەوڵەتی هەبێت، هەموو كوردێك ئاواتی ئەوەیە سەربەخۆ بێت و دەشڵێت: “ئێستا كاتی بەكارهێنانی كارتی ڕیفراندۆمە”.
محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە، “هەر میللەتێك داوای ئازادی و سەربەخۆیی بكات، تا لە ژێردەستەیی ڕزگاری ببێت، ڕەنگە باجی قورسیش بدات، ڕیفراندۆم هەنگاوێكی گرنگ بوو لە مێژووی میللەتەكەماندا، چونكە یەكەمین جاری بوو بەم شێوەیە داوای سەربەخۆیی بكات، چونكە كورد قوربانیی زۆری لەپێناو لامەركەزیەت و حوكمی زاتی و حوكمی زاتیی راستەقینە و فیدراڵییدا داوە.
دەشڵێت: “كورد بە كیمیایی لێی درا، ئەنفال كرا و زیندەبەچاڵ كرا و چوار هەزار گوندی تەخت كرا، هەموو ئەمانە بەرامبەر كورد كران، لە مێژوودا نییە میللەتێك بە دەستی سەرانی وڵاتەكەی ئاوای بەرامبەر كرابێت، ئەمەی بەرامبەر كورد كراوە شتێكی دەگمەنە لە دونیادا”.
جەختیشی كردۆتەوە، كورد مافی سەربەخۆیی و ئازادیی هەیە و نابێ لەسەر خاكی خۆی بە میوان بزانرێت، داهاتی نەوت و خاك و بەردی حەڵاڵی خۆیەتی و حەرامی هەر كەسێكی دیكەیە لەم دونیایە.
لەبارەی پەشیمانبوونەوەی هەندێك كەس و لایەن لە ریفراندۆم، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت: “لە چی پەشیمان بین؟ ئایا لەسەر داوای ڕەوای خۆمان پەشیمان بین؟ نەخێر، ئێمە نەك پەشیمان نین، بەڵكوو ١٠٠ جاری دیكەش ریفراندۆم بكرێ، پشتیوانیی لێ دەكەین و دەنگی بۆ دەدەین. من پێموایە ڕیفراندۆم كارتێكی زۆر گەورە و بەهێزە و چەندین جاریش باسم كردووە، تاپۆیەكی ڕەشە لە گیرفانی هەر تاكێكی كورددا”.
وتوشیەتی، “ئێستا كارتی ریفراندۆم بۆمان گرنگە، چونكە ئێستا حكوومەتی فیدڕاڵی كورد بە عێراقی نازانێت، لەنێو چوارچێوەی ئیدارەدا كوردی دانەناوە، بۆ ئەوەی بودجە بە كورد بدات، بەڵكوو تا ئێستا قەرز بە هەرێم دەدات و وەك وڵاتێكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات. هەروەها تا ئێستا پێشوازیی لە كورد ناكات و ناهێڵێت داهاتی بەروبوومی جووتیاران بچێت بۆ ناوچە عەرەبییەكان، رێگە نادات جووتیارەكانمان گەنمەكانیان بەوان بفرۆشن، ئەگەر بشیفرۆشێت پارەكەی دوا دەخات، واتا كورد بە عێراقی نازانێت”.
محەمەدی حاجی مەحمود جەختیشدەكاتەوە، “پێم وایە ئێستا كاتی بەكارهێنانی كارتی ڕیفراندۆمە و گرنگیشە بەكاری بهێنین، چونكە ئەم عێراقە، كە هیچ مافێك بە كورد نادا، مانای ئەوەیە ئێمەی قبووڵ نییە، هەرچەندە من خودی خۆم، خۆم بە عێراقی نازانم”.