ئەمڕۆ ئەنجامی زانکۆ لاین ڕاگەیەندراو ئەنجامى وەرگرتن لە زانکۆکان بەڕێگەى زانکۆلاین (42985) دەرچووى دوانزەى ئامادەیی وەرگیران،
وەزارەتى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى هاوشێوەى سێ ساڵانى ڕابردو سەرجەم دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت و سەرەڕاى ئەوەش (20197) کورسى بەتاڵ ماوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (24/09/2023) لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیدا، کە لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئاشکرا کرا.
د.سەباح ئیبراهیم وەیس ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەناوى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی و کەسوکاریان، سوپاسى تایبەتى وەزارەتى پەروەردەى کرد، کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بون،
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، د.خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچون لە وەزارەتى خوێندنى باڵا باسى لە وردەکارى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کرد، بۆ ئەوەش وتى: پلانى گشتى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) بریتى بوو لە (63013)، هاوکات کۆى گشتى ژمارەى دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بریتى بو لە (47788) دەرچو، لەو ژمارەیەدا (37290) فۆرمى زانکۆلاینیان پڕکردەوە، هاوکات (2598) پێشکەشکار لە دەرچوانی ساڵی (2022) فۆرمیان پڕکردەوە، لەگەڵ (6882) پێشکەشکار لەدەرچوانی ساڵانی ڕابردوو، بەو شێوەیە کۆى پێشکەشکاران ژمارەیان گەیشتە (46770) پێشکەشکار، لە ئەنجامدا (42985) وەرگیران، بەشێوەیەک وەرگیراوی دەرچوانی ئەمساڵ بریتى لە (36092) و وەرگیراوانی ساڵانی ڕابردووش بریتیە لە (6893) پێشکەشکار.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندان و بەدواداچون ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندنیش وەک ساڵانى ڕابردو (96.8 %) دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیمان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت، تەنها ژمارەیەکى کەم لە پێشکەشکاران نەبێت، کە ژمارەیان تەنها (1198) خوێندکارە، کە بەهۆى هەڵە لە پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان ناویان نەهاتۆتەوە، ئەوانیش لە ڕێگەى فۆرمى سکاڵا دواتر بەپێى نمرەکانیان لە بەشە شایستەکان جێگەیان دەکرێتەوە، بەوەش ڕێژەى وەرگرتن دەبێتە (100 %).
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن باسى لە چۆنیەتى پێشکەشکردنى سکاڵا لە ڕێگەى زانکۆلاین کردو ڕاشیگەیاند لە ئێستاوە دەرچوان دەتوانن لە ڕێگەى (https://www.regayzanko.com/ ) بەهەمان پاسۆرد و یزەرنەیمى تایبەت بەخۆیان ئەنجامى وەرگرتنیان بدۆزنەوە.
وەرگرتنی دەرچوانی پۆلی ١٢ لەڕیگەی زانکۆ لاینەوە ئەمساڵ ڕێژەیەکی بەرزی تۆمار کردووە و هاوکات بڕیاریش دراوە سکاڵای ئەو دەرچوانە وەربگیرێت کە بەهەڵە فۆرمەکانیان پرکردۆتەوە و ناویان نەهاتۆتەوە.