سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕایگەیاند، عیراق رێككەوتنی ئەمنییەكەی تایبەت بە سنوورەكانی نێوان هەردوو وڵاتی بەتەواوەتی جێبەجێنەكردووە.
ڕۆژی سێشەممە لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئاسایشی نێوان عێراق و ئێران، چۆڵکردنی هەمیشەیی بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی لە نزیک سنوورەکانی دوو وڵات ڕاگەیاند.
لیوا محەمەد باقری، سەرۆكی ئەركانی دەستەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕایگەیاند، عێراق لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان ئێران و عێراق، تەنها هەستاوە بە دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئاماژەی بەوەکرد، ” تەنها دوورخستنەوەیان بەس نییە، بەڵکو پێویستە سەرجەم ئەو گرووپە چەكدارەکان لەنێوان سنوورەكانی ئێران-عیراق دوورخراونەتەوە لەلایەن عیراقەوە چەكبكرێن”.
ئەو بەرپرسە سەربازییە بۆ میدیاییەکی ئێرانی ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویست بوو عێراق هەتا ١٩ ئەیلوولی ئەمساڵ رێككەوتنەكەی بەتەواوەتی جێبەجێبكردایە.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باقری ئەوەی خستەڕوو، “پێویستە عێراق بەردەوامبێت لە هەوڵەكانی بۆ بەتەواوی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئەمنی نێوانمان و چەكداماڵینی ئەو گرووپانەی لە سنوورەكان دوورخراونەتەوە و پێویستە لە هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچەكانی عیراق دووریانبخەنەوە”.
ئەوەش لەكاتێكدایە لەماوەی هەفتەكانی رابردوو، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکان بۆ پاراستنی سنووری هاوبەش لەگەڵ ئێران، حزبە چەكدارەكانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە سنوورەكان دوورخستووەتەوە.