سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی “الشرق الاوسط” عەرەبی ڕایەگەیاند، عێراق پێویستی بە دەقێکی یاسایی هەیە بۆ ڕێکخستنی وەبەرهێنانی نەوت، داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، هەروەها پێویستی چڕکردنەوی گفتوگۆی سێقۆڵی نێوان بەغدا، ئەنقەرە و هەرێمی کوردستانی خستەڕوو بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
سیاسەتی نەوت لە عێراقدا بە چوار سەردەمی مێژووییدا تێپەڕیووە، سەرەتا لە سەردەمی عوسمانیەوە دەستی پێکرد، لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن و دەسەڵاتی مەندەتی بەریتانیاوە، پاشان قۆناغی کۆمار و سیاسەتی بە نیشتمانیکردن، بە ئەزموونی دوای سەدام حوسێن کۆتایی هات، لە هەموویاندا نەوت ئامڕازێک بووە لە دەستی سیاسەت.
شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار، بۆ میدیاییەکی عەرەبی لەبارەی یاسای نەوت و گازەوە ئاماژەی بەوەکرد، ” لایەنە عێراقییەکان دوو پڕۆژە یاسایان لەبەردەمدایە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، ناکۆکی لەسەر شیکردنەوەی دەستوور هەیە و کۆدەنگی نیە، ئەمە وێڕای بڕیارەکانی دادگە چ لە بەغدا یان پاریس کە بەربەرستییان لەبەردەم لایەنە پەیوەندارەکان دروستکردووە و گفتوگۆکانی سەختتر کردوون”.
شێخ باز بەرزنجی پێشنیاز دەکات پێش پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز، رێککەوتن سەبارەت بە بڕگە تایبەتەکانی دەستوور بە بەڕێوەبردنی سامانی سرووشتی و مادە ناکۆکییەکان بکرێت، دەقێکی یاسایی دابنرێت کە هیچ کەسێک نەتوانێت پێشێلی بکات و مشتومڕی لەسەر بکات، هەروەها لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دارایی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان و حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنێک ئەنجامبدرێت.
ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستە چارەسەر بکرێت
سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار باسی لەوەکرد، ئەو رێککەوتنەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ دەکرێت کاتیە، و دەکرێت هەموو ساڵێک بەپێی یاسای بودجە دەستکاری بکرێت کە زۆرینەی سیاسی دەستی گرتووە بەسەر گۆڕانکاریی داڕشتنەکەی لە پەرلەماندا.
شێخ باز بەرزنجی وتیشی، “پێویستە لایەنە پەیوەندارەکان لە بەغدا و هەولێر ناکۆکییەکانیان لەبارەی نەوت چارەسەر بکەن؛ نابێت وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکان وەک لایەنێک یان بەشێک لە ناکۆکییەکان بێنە نێو ناکۆکییەکانەوە، تەنیا لە سنووری چارەسەری تەکنیکی و هونەری نەبێت”.
گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کە لە ٢٥ ئاداری ئەمساڵ ڕاگیراوە، شێخ باز وتی، “دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت پەیوەستە بە چاککردنەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوت کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا زیانی بەرکەوتووە، هاوکات یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەهۆی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی کە ئەنقەرەی پابەندکردووە بە پێدانی قەرەبوویەک بە عێراق”.
سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار ئەوەشی ڕوونکردەوە، گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ئاستی تەکنیکی، سیاسی و چەندین ئاستی دیکە بەردەوامە، دوای سەردانی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەنقەرە لە مانگی ئابدا گفتوگۆکان ڕەوتێکی جدیتریان وەرگرتووە بۆ دانانی چارەسەرییەکی گونجاو، گرێبەست و دارایی کە جێگەی ناکۆکی هەنووکەیین”.
دەشڵێت، “پێویستە وتووێژی سێقۆڵی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هەرێمی کوردستان چڕبکرێتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی و هەمیشەیی لە نزیکترین کاتدا.”
لە کاتێکدا عێراق پشتی بە هێڵی هەناردەکردنی بەندەری جەیهانی تورکیا بەستووە، کە توانای هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەیە.
“هەرێمی کوردستان نموونەیەکی دیارە“
شێخ باز پێیوایە ئەزموونی عێراق لە بواری وەبەرهێنانی نەوتدا بڕیار بەدەستەکان دەخاتە بەردەم راستییەک و وتی، “نموونەی سەرکەوتوو لە جیهاندا هەیە، پێویستە عێراقییەکان لە سیاسەتی نەوتی نیشتمانی تێبگەن، تاوەکو پیشەسازیی نەوت پەرەیپێبدرێت، دەبێت ئەوە کاری لەپێشینە بێت لە داهاتووی نزیک و دووردا.”
شێخ باز بەرزنجی، کوردستان بە نموونەیەکی دیاری ئەو بوارە دەهێنێتەوە و پێیوایە ژێرخانی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا مۆدێلێکە کە “تێیدا کۆمپانیا جیهانییەکان وەبەرهێنانیان لە پیشەسازی نەوت کردووە بە رەزامەندی حکومەت، دامەزراوە یاسایی و بانکی و داراییەکان، ئەو جۆرە کۆمپانیانە دواجار هاوکار بوون لە دامەزراندنی سیاسەتێکی نەوتی نیشتمانی کە رۆڵ و پانتایی هەمووانی لە کەرتی نەوت دیاری کردووە بۆ هەرێمی کوردستان، کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی”.
عێراق دەتوانێت سوود لە ئەزموونی کەنداو ببینێت
لەبارەی کارکردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، شێخ باز ئاماژەی بەوەکرد، “سەردەمی هاوبەشی لەگەڵ کەنداو دەستیپێکردووە، دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی سەرکەوتن، بەو پێیەی گەلی کەنداو تەنها سەرمایە بەدەستناهێنن بەڵکو ئەزموونی چەندین ساڵەیان هەیە و دەکرێت عێراق سوودیان لێوەبگرێت، ئێستا گفتوگۆی باش هەیە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان تۆڕەکانی کارەبا، ئەمە وێڕای لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکانی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی کەنداوەوە ئەنجامدەدرێن بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و گاز لە چوارچێوەی گەڕەکانی داهاتووی مۆڵەتدان”.
بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات، زۆر پێویستە پشتیوانی یاسایی دابین بکرێت بۆ پاراستنی گرێبەستەکانی وەبەرهێنان و بەردەوامی کارکردن لە ژینگەیەکی ئارام کە وەبەرهێنەری کەنداو پێویستی پێیەتی.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گروپی کۆمپانیاکانی کار لە ساڵی ١٩٩٩ دامەزراوە، و چالاکییەکانی لە بازرگانیکردن بە بەرهەمە وەرگیراوەکانی نەوت دەستیپێکردووە.