سەرۆك وەزیرانی عێراق باس لە وەبەرهێنان لە كەرتی غازی سروشتی دەكات و ڕایدەگەیەنێت، نرخی نەوت لە 85 بۆ 90 دۆلار كەمتر نابێت و دەشڵێت: ” توركیاش لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم زەرەرمەندە”.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە ئێستا بە مەبەستی بەشداری كردن لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەمریكایە لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی (بلومبێرگ)ی ئەمریكی ڕایگەیاندووە، “ئێمە بەدوای نرخێکی گونجاودا دەگەڕێین بۆ نەوت، کە گەرەنتی بەرژەوەندی بەرهەمهێنەران و بەکاربەران بکات، ئێمە نرخێکی دیاریکراومان نییە و پێمان وایە نرخی گونجاو لە 85-90 دۆلار کەمتر نییە بۆ هەر بەرمیلێک”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کێڵگە هەیە لە چوارچێوەی خولی شەشەمی وەبەرهێنانی غازی سروشتیدا ڕاگەیەندراوە، هەروەها خولێکی دیکەی کێڵگەکان هەیە، کە پەرەی پێدەدرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی عێراق وڵاتێکی چالاک دەبێت لە بازاڕی غازدا.
سەبارەت بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، سودانی وتویەتی، “چاوەڕوانی ڕێکارەکانی لایەنی تورکیاین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی هێڵی تورکیاوە، بەتایبەتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان و ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی وڵاتدا”.
وتوشیەتی، “لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سکاڵای هاوبەش هەیە، بەڵام لەگەڵ لایەنی تورکیا دانوستان دەکەین بۆ جیاکردنەوەی تانەدانی هەناردەکردن لە پرسە یاساییەکانی ناو دادگاکە”.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكراشی كردووە، وەستاندنی هەناردەکردن زیان بە هەموو لایەنەکان دەگەیەنێت، بە لایەنی تورکیاشەوە، کە پشت بە باج لە بۆری هەناردەکردن دەبەستێت.
سودانی ئەوەشی خستۆتەڕوو، “ئێمە 11 کێڵگە و بلۆکی گەڕانمان هەیە بۆ غازی سروشتی و ئێمە جدیین لە وەبەرهێنان تێیدا”.
جەختیشی كردۆتەوە، “لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کۆبووینەوە، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و ئەوانەی ئارەزووی کارکردنیان لە باقی عێراقدا هەیە، هەروەها باسمان لەو دەرفەتە وەبەرهێنانانە کرد، کە پێمان خۆشە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بچنە ناویانەوە”.