سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە فراكسیۆنی حزبەكەی ڕادەگەیەنێت، كە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان نەکەن
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق کۆبووەوە و ستایشی رۆڵی فراکسیۆنی یەکێتی کرد بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، مووچە و قووتی خەڵکی هەرێم و پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان ڕاپەڕاندووە و هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی بەرژوەندییەکانی کوردستان بووە.
بافڵ تاڵەبانی داواشیکرد، بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان نەکەن و وتیشی، “هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن لە خواستەکانی خەڵکدا بن و پەرلەمان بکەن بە سەکۆی بەدیهێنانی مافەکانیان”.
لەبارەی پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەشەوە وتی، “خزمەتکردنی هەڵەبجە ئەرکتانە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان هەماهەنگبن تاوەکو کۆدەنگییەکی نیشتمانی سەبارەت بەو پرسە دروست دەکرێت”.
لەبارەی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان فراکسیۆنە کوردییەکانەوە لە بەغدا بافڵ تاڵەبانی، فراکسیۆنی یەکێتی ڕاسپارد، لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنە کوردییەکان هاوکاربن و وەک بەرەیەکی کوردستانی خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەل بکەن و دوور لە هەموو لایەنگیرییەکی حزبی نوێنەری کورد و کوردستان بن.