دوابەدوای كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینە و بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا و ڕاگەیاندنی سەركەوتنی پلانەكانی عێراق بۆ بەدامەزراوەیی كردنی سیستمی بانكی، بەهای دۆلار بەردەوام ڕووی لە دابەزینە و لەماوەی دوو ڕۆژدا بڕی زیاتر لە 2 هەزار دینار دابەزینی تۆماركردووە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕۆژی سێ شەممە بەهای 100 دۆلار بە 157 هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام دوینێ چوار شەممە دابەزی بۆ 156 هەزار و 500 دینار و ئەمڕۆش نرخەكەی زیاتر دابەزی.
ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەممە لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی دۆلارەكە، بەهای 100 دۆلار دابەزی بۆ 156 هەزار دینار و ئێستاش لەكاتی ئێوارەدا و لە نزیك داخستنی بازاڕدا دابەزیوە بۆ 155 هەزار دینار.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژانی سێ شەممە و چوار شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا كۆبووەوە و دواتر رایەن نیلسۆن، بریكاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) نووسیویەتی: “خۆشحاڵبوم بە ئەنجامدانی كۆبونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نیویۆرك، بۆ تاوتوێكردنی بەرەوپێشچونە بەردەوامەكانی عێراق بەرەو پتەوكردنی كەرتی دارایی”.