سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، باسیان لە میكانیزمی پێشكەش كردنی سكاڵا و ڕێكاری یاسایی لە دژی بۆردوومانەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت كردووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغدا كۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، “لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمی پێشكەش كردنی سكاڵا و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لەبارەی بۆردوومانەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەرەبەت كراوە، كە بەهۆی ئەو هێرشەوە ژمارەیەك كارمەندی دەزگای دژەتیرۆر لە پارێزگای سلێمانی شەهید بوون”.
ئێوارەی ڕۆژی دوو شەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، بە درۆن هێرشكرایە سەر یەكێك لە كابینەكانی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت، كە هێزێكی دژەتیرۆر تێیدا سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان بوون.
دوابەدوای هێرشەكە، دژەتیرۆر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی هێرشەكەدا “سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون و سێ پێشمەرگەی دیكەیان بریندار بوون”.