حاکم قادر ڕایگەیاند، ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم بە شێوەی قەرز مەترسیدارە، چونکە هەرێم قەرزەکانی زیاتر کەڵەکە دەبێت و نیشانەیە بۆ بەردەوام بوونی قەیرانی دارایی
حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لە زنجیرەیەک بەسەرکردنەوەی هونەرمەنداندا، سەردانی هەریەکە لە هونەرمەندان (جەلیل زەنگەنە و بەیان بۆمباو کەمال چالاک و عەلی جۆڵای) کرد و لەلایەن ئەو هونەرمەندانەوە بەخێرهاتن کرا و ڕایگەیاند، “ئێوە رۆڵتان لە مێژووی هونەری كوردیدا ھەبووەو جێگای ڕێز و سوپاسن لەپای ئەو ھەموو خزمەتەی بە ھونەری كوردیتان كردووە.
وتیشی، “پێویستە هەموو نەتەوەیەک و میللەتێک لە دونیادا هەوڵی پاراستنی ئەدەب و کەلتور و فۆلکلۆرو مێژوی خۆی بدات، ئەم هونەرمەندانەش بە کارە هونەرییەکانیان توانیویانە دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان زیاتر بناسێنن و بەبێ ئەوەی گەشەی زیاتر بە هونەر بدرێت ناتوانین باس لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی فرەیی و دیموكراسیەت بکرێت.”
لەو بەرسەركردنەوانەیدا حاکم قادر تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، “وەک لە رابردوودا جەختمانکردبوەوە تەنها بە یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا دەتوانین ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببینەوە و لە پەرتەوازەیدا تەنها گەلەکەمان زەرەر دەکات، ئەوەش بە ڕوونی سەلمێنراوە و تەنها کاتێک هەمووان پێکەوە کاربکەن دەتوانن ئاسۆیەکی گەشتر بۆ گەلی كوردستان بهێننە دی.”
لە بارەی پێدانی قەرزەوە لەلایەن بەغداوە بە هەرێم، حاکم قادر ھێمایی بۆ ئەوەكرد، “مووچە مافێکی ڕەوای ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و ناکرێت وەک قەرز پارەیان بۆ دابین بکرێت، بە تایبەت کە لە ئایندەدا بارگرانییەکی زیاتر بۆ هەرێم دروست دەکات و کێشەکان زیاتر دەکات و پێویستە کێشەی شایستە دارایییەکانی هەرێم لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت بەپێی دەستوور، نەک قەیرانەکان قوڵتر بکرێنەوە.”
لە کۆتایی سەردانەكەیدا حاكم قادر پێداگری کرد کە ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت پێویستە سەرجەمی بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان خەرج بکرێت و بە هیچ جۆرێک پارەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی دیکە بەکار نەهێنرێت، چونکە مووچەخۆران سەبری زۆریان گرتووە و لە دۆخێکی خراپدان و دەبێت بە خێرایی مووچەکانیان پێ بدرێت.”