بڵند بریفکانی، بەخێوکەری شێرەکان دەڵێت “پلانم ھەیە بۆ پرۆژیەکی زۆر گەورە بۆ “لیۆ” و ٥٠٠ دۆنم لە چیاکانی دھۆک تایبەت بە بەخێوکردنی شێر تەرخان دەکەم، ئەوە بۆ لیۆ’ش زۆر باش دەبێت کە دەبێتە پادشای دارستان”.
“لیۆ” یەکەمین شێری ڕاھێنراوە کە تەمەنی پێنج ساڵی تێپەڕاندووە و لە دوو شێری مێی دیکە خاوەنی سێ بەچکە شێرە.
بڵند بریفکانی کە بەخێوکەری “لیۆ”یە، پێنچ ساڵ و نێو لەمەوبەر شێرێکی تەمەن بیست ڕۆژی بە دیاری لە ھەولێرەوە بۆی دێت، ئەمیش ناوی لێدەنێت “لیۆ”، سەرەتا بە پێدانی شیر و دواتریش بە گۆشتی مریشک بەخێوی کردووە.
“لیۆ” شێرێکی ماڵییە و مرۆڤ دۆستە و تەنیا چەند کاتێکی تایبەت نەبێت ئەویش لە کاتی جووتبوون و نانخواردن کەس ناتوانێت لێی نزیک ببێتەوە.
ئەو ماوەی پێنچ ساڵ و شەش مانگە بەبێ ئازاردانی ھیچ کەسێک لەگەڵ دانیشووانی دھۆک دەژیت و ڕۆژانە لە دوو گۆڕەپانی گەورە کە لە دەوروبەری دھۆک بۆی دروستکراوە پیاسەی پێدەکەن و خەڵکی ناوچەکە و تەنانەت ھەندێکجار گەشتیارانیش ئەگەر بە شوێنی بزانن بۆ گرتنی وێنە سەردانی “لیۆ” دەکەن و لەو باخچەیەی کە بۆی تەرخانکراوە، یاری لەگەڵ دەکەن یا خواردنی دەدەنێ.
بەخێوکەری “لیۆ” ئەرک و ماندووبوونی زۆری کێشاوە تا کەوی (ماڵی) کردووە ئەویش بە پێدانی گوشتی مریشک کە لە ئێستادا ڕۆژانە دوو تا سێ مریشکی دەدەنێ.
بەخێوکەری “لیۆ”، بڵند بریفکانی لە ناو ئەو باخچەیەی کە بۆ شێرەکانی تەرخانکراوە لە پشتی “لیۆ” وتی: “خۆشەویستی من نەک تەنیا بۆ شێر بەڵکو بۆ ھەموو ئاژەڵەکانە بەتایبەتی بۆ شێر زیاترە.
من لە منداڵی خولیای بەخێوکردنی بولبول، قاز، مریشک و جوجکەم هەبوو، کاتێک گەورە بووم ھەر ئەو حەزەم ھەبوو، ڕۆژێک لە ھەولێر ئەم شێرەم بە خەڵات لە برادەرێک وەرگرت و زۆریش پێم خۆش بوو، تا ئەمڕۆ کە دەبێتە پێنچ ساڵ و شەش مانگ زۆر لەگەڵی دڵخۆشم.
من ھەفتانە چەندە ماندوو بم لە ئیشوکارەکانم کە سەردانی باخچەی شێرەکەم دەکەم و لەگەڵی دەبم یا ئەگەر تاقەتی ھەبێت یاری لەگەڵی بکەم زۆر دڵخۆشم دەکات، لەگەڵ شێر و بەتایبەتی لیۆ بوون بۆ من شانازییەکی گەورەیە”.
بریفکانی دەڵێت: “من لەسەرەتا یەک شێرم ھەبوو بە ناوی”لیۆ”، ئێستاش ئەو سوڵتانی ئەو باخچەیەیە کە دوو شێری مێ و سێ بەچکەشی ھەیە من لیۆ وەکو کۆڕی خۆم مامەڵەی لەگەڵ دەکەم و زۆریشم خۆشدەوێت”.
لەبارەی چۆنییەتی بەخێوکردن و راھێنانەکەی بڵند بریفکانی وتی: “بەخێوکردنی شێر ئاسانە و ڕۆژانە خواردن و خواردنەوەی بۆ دابین دەکەین، بەڵام ڕاھێنان و ماڵی کردنەکەی کەمێک سەخت بوو و ئەرک و ماندووبوونی زۆرمان کێشا تا ئەو تەمەنە و تا کەوی کردنی بەڵام ئێستا لە دەرەوەی شار باخچەیەکم بۆ دروستکردووە و لە وێ بەخێوی دەکەین و زۆر بەئاسانی ڕۆژانە بەپێدانی دوو یاخود سێ مریشک بەخێوی دەکەم ئەویش لەبەر ھێز و گەورەی زیاتر حەزی لێیە ئێسکی پێچکەکانی مریشک بخوا بەڵام ئێمە ھەموو مریشکەکەی بۆ دادەنێن زۆر جاریش خواردن بۆ شێرەکانی دیکەش بەجێ دەھێڵیت”.
وتیشی: “خاڵێکی دیکەی چۆنییەتی بەخێوکردن و ماڵیکردنی ئەوە بوو کە من ھیچ کات گۆشتی سوورم نەداوەتێ بۆ ئەوەی چاوی لە گۆشتی ئینسانیش نەبێت و ھەڕەشە نەبێت لەسەر ھیچ کەسێک و سبەی ئەگەر لیۆ لە ماڵ دەرچوو، مەترسی نەبێت بۆ سەر کەس و ئەو لە ئێستادا بۆنی مرۆڤ دەزانێت و کەیفی بە ئێمە دێت”.
بریفکانی دەڵێت، پابەندی مافی پاراستنی ئاژەڵانە و ڕێگە بە لەقەفەس کردنی ئاژەڵان نادا و وتی: “لیۆ و خانەوادەکەی لە قەفەس نین ئەوان لە دوو باخچەی فراوان دەژین و ساحەی ئەوانیش بە جیایە و کەی حەزیان لێ بێت دێنەوە یەک شوێن، ئێمە مافی ئەوان دەپارێزین لە ئێستادا کە بەخێوکردنیان زۆر قۆرس بووە چەند کەسێک لە خزم و ناسیاوی خۆشم یارمەتیم دەدەن بۆ بەخێو کردنیان”.
ئەو وتیشی: “لیۆ دوو مێمان بۆی ھێناوە بە ناوەکانی بەلقیس و کلیوپاترا و بریارە دوو مێی دیکەشی بۆ بێنم، ساڵی جارێک جووت دەبێت و و ھەر جارەو سێ بۆ چوار بەچکەشێر لەدایک دەبن، بەڵام ھەر کاتێک ئێمە جووتەکەی بھێنینە لای ئەو دەتوانێت جووتەکە ئاوس بکات وەکو ئەوەی ساڵی ڕابردوو کە چوار بەچکەشێری بوو یەکێکیان نەژیا و سێیان بە ناوەکانی سەڵاحەددین، زولەیخا و زۆبەیدا مانەوە”.
لە کۆتاییدا لەبارەی پرۆژەی ئاییندەی خۆی بۆ بەخێوکردنی شێر و بەتایبەتی لیۆ وتی: “من پلانم ھەیە بۆ پرۆژیەکی زۆر گەورە بۆ لیۆ. ٥٠٠ دۆنم لە چیاکانی دھۆک تایبەت بە بەخێوکردنی شێر تەرخان دەکەم و ئەوە بۆ لیۆش زۆر باش دەبێت کە دەبێتە پادشای ئەو دارستانەی کە تیایە”.
بریفکانی دەشڵێت، پلانی هەیە ئەو شوێنە بکاتە شوێنێکی گەشتیاری و گەشتیارەکان دەتوانن بۆ کات بەسەر بردن بچنە نێو ئەو دارستانە”.