بایدن، بەفەرمی سودانی بانگهێشت کرد بۆ واشنتۆن



سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و بانگهێشتنامەی فەرمی لە سەرۆک جۆ بایدنەوە پێ گەیشت بۆ سەردانی کردنی واشنتۆن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (بە کاتی بەغدا) محەمەد شیاع سودانی لە نیویۆرک لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە لایەنەکانی هاریکاری نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا لەگەڵ چۆنیەتی باشترکردنی هاوبەشی لە بوار و ئاستە جیاوازەکاندا.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بلینکن بانگهێشتنامەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکای گەیاندە سودانی بۆ سەردانی کردنی کۆشکی سپی بەمەبەستی گفتوگۆکردنی زیاتر لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، سودانی بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی ئەمریکای قبوڵ کرد و جەختی کردەوە لە گرنگی دەستپێکردنەوەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات.

سودانی ئاماژەی بە خواستی عێراق کرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هاوبەش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان لە بوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا و پێشوازی لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا کرد بۆ بەشداری کرد لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە عێراق.

جەختی کردەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگی هاوبەش لە بواری ئەمنیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی گەشەکردنی تواناکان و توانای شەڕکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە بۆ پاراستنی ئاسایش لە سەرانسەری عێراقدا.

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “ئاماژەی بە پێزانینی بەڕێوەبەرایەتی ئەمریکا کرد بۆ هەنگاوە کردارییەکانی عێراق لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە و وەبەرهێنانی باشترین گاز و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە ڕێگەی واژۆکردنی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ و بەستنی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا”.

بلینکن جەختی لە پەرۆشی ئەمریکا کردەوە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عێراقدا لە دۆسیەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی ژێرخان و فراوانکردنی هاوبەشی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، هەروەها پشتیوانی ئەمریکای بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی عێراق دووپاتکردەوە.

دوێنی دووشەممە، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە نیویۆرك.

سەرۆکی ڕەوتی حیکمە داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات
پێت سەرۆکی ڕەوتی حیکمە داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات
بازرگانی عێراق: دابەشکردنی بەشەخۆراک بەردەوام دەبێت
دوات بازرگانی عێراق: دابەشکردنی بەشەخۆراک بەردەوام دەبێت
پەیوەنیدر