ئێران کە بە هۆی چالاکییەکانیەوە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، بەردەوام بەرەوڕووی سزاکان دەبێتەوە، لە عێراقدا خۆی لە دەربازبوون لەو سزایانە دەبینێتەوە و دامەزراوەکانی وەک ئامرازێک بۆ دەربازبوون لێیان بەکاردەهێنێت بەهۆی ئەو کاریگەرییەی لە ناوچەکەدا لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە هەیەتی، کەرتی داراییش لێی بەردەر نییەو توانیویەتی بە شێوەیەک بێتە ناوەوە و دۆخەکە ئیستغلال بکات کە ئێستا ئەمریکای توڕە کردووە و بانکی ناوەندی عێراقی خستووەتە نێوان بەرداشی سزاکان و چەکوشی قاچاخچییەکانی دۆلار.
بەرپرسانی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا بەرپرسانی داراییان لە عێراق ئاگادارکردەوە، کە ئەگەر ئەو بانکە ئەهلییانەی دۆلاری قاچاخ دەبەن کەنارگیر نەکرێن، ئەوا سنووردارکردنی زیاتری گواستنەوەی دۆلار و سزای زیاتر بەسەر عێراقدا دەسەپێنن.
سەرچاوەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندی عێراق ڕایانگەیاندووە، هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر عێراقدا دوایین دووپاتکردنەوەی ئەمریکایە کە دەسەڵاتی دارایی عێراق شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵی توندتر لەسەر چالاکیی بانکەکان.
کاربەدەستانی ئەمریکی دەڵێن ئەوە پشتڕاست بووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو بڕە پارەیەی بانکی ناوەندی دەیخاتە بازارەوە دەچێتە دەرەوەی وڵات و بە پلەی یەکەم بۆ ئێران دەروات، جگە لەوەش ئەم بانکانە هێشتا گرێبەستی ساختە پێشکەش دەکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی دۆلار لە پلاتفۆرمی بانکی ناوەندی و پارەی ئەم گرێبەستانەش بە خێرایی ڕێگەی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات دەدۆزێتەوە.
چاودێران دەڵێن، خستنەڕووی زیاتری دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە مەبەستی پاراستنی نرخی دینار خزمەت بە ئامانجی پێچەوانە دەکات، لەکاتێکدا نرخی فەرمی دۆلار بە هەزار و ٣٥٠ دینارە، لەبازارەکانی دراودا دۆلار بە نزیکەی هەزار و ٥٥٠ دینار یان زیاتر دەفرۆشن، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێک لە دابینکردنی دۆلاری فەرمی بۆ قاچاخچێتی دەڕوات، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی.
نەبیل ئەلمەرسومی شارەزای ئابووری دەڵێت، سەردانەکەی ئەلیزابێس ڕۆزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ بەغدا تەنها پەیوەندی بە هاوکاریکردنی بانکی ناوەندی عێراقەوە نەبووە لە هەوڵەکانی بۆ سەقامگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، بەڵکو پەیوەندی بە هەڕەشەکردنی سزای زیادە بەسەر بانکە عێراقییەکانەوەوە هەبووە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی بردنەوە دەرەوەی دۆلار.
هەینی ڕابردوو وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا داوای لە عێراق کرد، کەرتی دارایی خۆی باشتر بکات و سنوورێک بۆ چوونەدەرەوەی دۆلار و پارەدارکردنی گرووپەکان دابنێت.
خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ عێراق ڕێککەوتوون کاربکەن بۆ باشترکردنی کەرتی دارایی، لە پێناو ڕێگریکردن لە ساختەکاری و خۆدزینەوە لە سزاکان و پارەدارکردنی گرووپە نایاسایی و قاچاخچییەکان و چەندین کاری نایاسایی تر.
ئەلیزابێس ڕۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە ١٢ و ١٣ی ئەیلول لەگەڵ سەرۆک وەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و نوێنەرانی بانکەکانی کەرتی تایبەت لە بەغدا کۆبووەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە دوابەدوای ئەو کۆبوونەوانە بڵاوکرایەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەرفەت هەیە بۆ باشترکردنی کەرتی دارایی لە عێراق و پێکەوە کارکردن بۆ چاکسازیی مانادار و بەردەوام، بۆ گەیاندنی عێراق بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگریکردن لە ساختەکاری، خۆدزینەوە لە سزاکان، پارەدارکردنی تیرۆریستان و کاری نایاسایی تر.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێویستە بانکی ناوەندی عێراق چارەسەری ئەو مەترسییە بەردەوامانە بکات کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی دۆلار لە بانکە بازرگانییەکانی عێراقدا سەرهەڵدەدەن، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی سزای نوێ نەسەپێنرێت کە کەرتی دارایی وڵات بکاتە ئامانج ، بەهۆی کردەوەی ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە، و یارمەتیدانی ئێران .
پێشتر ئەمەریکا لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا سزای بەسەر ١٤ بانکی عێراقدا سەپاند بەهۆی بەردەوام بوون لە گێڕانی ڕۆڵی قاچاخی دۆلار و سپیکردنەوەی پارە
چاودێران دەڵێن ئێران ڕۆڵی گەورەی هەیە لە کۆنترۆڵکردنی بانکە ناحکومییەکانی عێراقدا، بەو پێیەی ئێستا خاوەنی نزیکەی ١١ بانکە، هەروەها بانکە ئێرانییەکان پشکیان لە ٦ بانکی دیکەی عێراقدا هەیە، هەرچەندە ئەم بانکانە لەگەڵ بەرە عێراقییەکان کاردەکەن، بەڵام خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بە ئێران دەکەن.