وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە داهاتی نانەوتیدا حکومەتی عێراق کار بەیاسای ئیدارەدانی دارایی ناکات و بە پێی ئینفاقی فیعلیش پشکی هەرێم ئەوەندە کەمکراوەتەوە کە لە ٥٪ تێپەڕ ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧-٩-٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی کرد لە مارک سترۆ کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێرو شاندێکی یاوەری.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەجێبەجێکردنی یاسای بودجەدا حکومەتی ناوەندی بەدوو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات و لەبابەتی خەرجیدا خەرجیەکانی هەرێم لەگەڵ خەرجی پانزە پارێزگاکەی عێراق هەژمار ناکات و لە بابەتی داهاتی نانەوتیشدا کار بەیاسای ئیدارەدانی دارایی ناکات کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێکراوەو دەبێت لە ٥٠٪ داهاتەکە بۆ هەرێم بێت بەڵام داوای لە ١٠٠ ٪ داهاتەکە دەکەن، هاوکات بە پێی ئینفاقی فیعلیش پشکی هەرێم ئەوەندە کەمکراوەتەوە کە لە ٥٪ تێپەڕ ناکات.
وەزیری دارایی لەبارەی سەردانی هەفتەی ڕابردوی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغداد وتیشی:ئامانجی سەرەکیان چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فارمانبەران بووەو دابەشکردنی هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق لە کاتی خۆیدا، وتیشی زۆربەی هێزە سیاسیەکانی عێراق هاوڕابوون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی نەکرێت ئەوەش بەهەموارکردنەوەی بەشێک لەبڕگەو مادەکانی یاسای بودجە دەکرێت و دەرکردنی مووچە لە خەرجی فیعلی مانگانە.
لای خۆشیەوە کونسوڵی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ تا پەیوەندیەکی تەندروست لە نێوان هەرێم و بەغداد لە سەر بنەمای دەستوور هەبێت و جەختیشی کردەوە یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد گرەنتی پاراستی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافەکانیەتی.