لە شاری ڕیاز ی پایتەختی سعوودیە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆكی چین، شی چین پینگ تاتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنییەتی پتەوكردنیان كرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی كە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی كارەكانی لووتكەی عەرەبی-چینی كە لە ریاز پایتەختی سعوودیە بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ شی چین پینگ كۆبووەتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات و چۆنییەتی پتەوكردنیان لەسەر ئاستی هاوكاری ستراتیژی و هاوبەشیی بەردەوام لە سەرجەم بوارەكاندا.
هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا محەمەد شیاع سوودانی جەختی لە خواستی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزایی چین لەبوارە جیاجیاكان و بەهێزكردنی بنەمای هاوبەشی لەگەڵ چین لەچوار چێوەی دەستپێشخەری نێوان هەردوو وڵات و بوارەكانی دیكەی ژێرخانی ئابووریدا كردووەتەوە.
هەروەها سوودانی ئەوەی روونكردووەتەوە كە عێراق یەك لە بنەما سەرەكییەكانی سەقامگیریی لە ناوچەكەدا و گەشەسەندنی بەردەوام و پێشكەوتنی ئابووری هەرێمیی و نێودەوڵەتیی لە رابردوو و ئێستاشدا پەیوەستە بەوەی كە عێراق رۆڵی كاریگەری خۆی بەتەواوی لەسەر هەردوو گۆرەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتی بگێڕێت.
سەرۆكی چین، شی چین پینگ ئاماژە بە پێگەی جوگرافی و شارستانی عێراقی دا كە دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ لە پرۆژەكانی گەشەپێدانی بەردەوام بگێرێت و ببێتە پردێك لە نێوان وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، هەروەها خواستی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ هەماهەنگیی دووقۆڵی زیاتر لەبوار جیاجیاكاندا و پشتگیریی وڵاتەكەیشی بۆ ئاسایش و سەقامگێریی وسەروەری عێراق دووپات كردەوە.