لە شاری هەولێر، ئەفسەرێكی پۆلیسی نەوت و گاز بە دەستڕێژی گوللە كوژرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی ڕێكەوتی (٩-١٢-٢٠٢٢) هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار كرانەوە بە بوونی حاڵەتێكی تەقەكردن لە قەزای بنەسڵاوە، دەستبەجێ تیمێكی لێكۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی مەبەست.
ئاماژە بە ئەوەش كراوە، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوت كە ئەفسەرێكی پۆلیسی نەوت و گاز بە پلەی مقەدەم بەناوی (ئەسعەد ڕەئوف حەمەد) تەمەن (٤٨ ساڵ) دەستڕێژی گولـلەی لێكراوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.
باس لە ئەوەش كراوە، لە ئێستادا تەرمەكە گەیەندراوەتە پزیشكی داد و هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران تاوەكو ڕادەستی دادگایان بكەن.