عادل باخەوان
یەکەم : ئەمڕۆ حەلبوسی، سەرۆکی پەرمانی عێراقی، ڕاستەوخۆ و دور لە پێچ و پەنا گوتی : ساڵی داهاتوو قورسترین ساڵ دەبێت بۆ عێراق و گریمانەی ئاشبەتاڵی پرۆسەی سیاسی عێراقی زۆر زۆر بەهێزە. ئەمە قسەی چاودێرێکی سیاسی نیە، بەڵکو قسەی سەرۆکی پەرلەمانە !
دوو هەم : تورکیا خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان ئامادە دەکات و ئەمەریکا تا ئێستا کارتی سوری بەرزکردوەتەوە، بەڵام هیچ گەرەنتیەک نیە کە ئەم کارتە هەر بە سوری بمێنێتەوە.
سێهەم : ئێرانی ئایەتوڵاکان بۆ یەکەمجار لە ١٩٧٩ وە تا ئێستا، دەستەوسانە لەبەرامبەر گەورەترین بزوتنەوەی ناڕەزایدا و خۆی ئامادەدەکات بۆ هێرشکردنە سەر باشووری کوردستان.
چوارهەم : لەنێو ئەم کۆنتێکستە ئاڵۆزەشدا، تازە تازە ناسیۆنالیزمی کوردی لە باشوری کوردستاندا، درزی گەورەی تێدەکەوێت و ئەکتەرە جیاوازەکانی ناتوانن بەیەکەوە دانیشن و تێبگەن لەوەی کە تراژیدیای گەورە بەڕێوەیە !!
پێنجەم : کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکرێت هەڵوێستێکی ئەرێنی لەسەر پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، بەڵام با ڕاشکاوانە بڵێم : ئەمەریکا و و ئەوروپا ماندون بە دەست کوردستانەوە. ئەم ماندوبوونە دەکرێت لە ساتەوەختێکدا بگاتە ئاستی بێ ئومێدی گەر بێت و چارەسەر نەکرێت.
شەشهەم : ئێستا لە هەموو کات زیاتر پارتی و یەکێتی لەبەردەم ئیمتیحانێکی نەتەوەیی گەورەدان. گەر بێت ولەو ئیمتیحانەدا دەرنەچن، گریمانەی شکتشێکی گەورە لە پێشیانەوە ڕێدەکات.
حەوتەم : کاتی موراجەعاتی گەورەیە، پێش ئەوەی مێژوو جارێکی دیکە بە جێمان بێڵێت.