“لانسێت”ی ڕووسی هێزەکانی ئۆکراین پەکدەخەن و ئامێر و کۆگاکانیان لەناو دەبەن.
فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژییەکانی “لانسێت”ی ڕووسی بەردەوامن لە بە ئامانجگرتن و لەناوبردنی کەرەستەی سەربازی و کۆگاکانی تەقەمەنی و ڕادارەکانی ئۆکراین بەدرێژایی هێڵی پێشەوە.
بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی پێگەی (RT)ی ڕووسی بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەوێت کە فڕۆکەیەکی خۆکوژ هێرش دەکاتە سەر تانکێکی سەر بە هێزەکانی ئۆکراین لە هێڵی پێشەوەی میحوەری خێرسۆن و لێدانێکی ڕاستەوخۆ و ورد بۆ سەر ئامانجەکە بەدەست دەهێنێت.
لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لانسێت هێرش دەکاتە سەر سیستمێکی هەڵدانی مووشەکی گراد و لێدانێکی ورد بەدەست دەهێنێت.
لە ڤیدیۆی سێیەمدا دیمەنی لانسێتی ڕووسی، کۆگایەکی مەیدانی سەر بە هێزەکانی ئۆکراین لە ناو دارستانی سێرێبریانسکی دەکاتە ئامانج.
ڤیدیۆی چوارەم دیمەنی لەناوبردنی تەقەمەنی بارگاویکراوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی”لانسێت”، و ڕادارێکی تایبەتی ئەمریکی کە سەر بە سیستەمی دژە فڕۆکەی ئەمریکی AN/TPQ-36 نیشان دەدات.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە؛ زیاتر لە ٧٠٠ سەربازی ئۆکراین لە میحوەرە جۆراوجۆرەکان کوژراون و ٤١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە و دەیان ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازی ئۆکراین لە ماوەی ڕۆژی هەینی ١٥ – ٩ – ٢٠٢٣ تێکشکێنراون.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە هێزەکانی ئۆکراین هەوڵی چوونە ناو هێڵەکانی بەرگری ڕووسیا دەدەن بەدرێژایی هێڵی پێشەوە و ” دژە هێرش”یان دەستپێکردووە.