ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هۆشداری لە دۆخی هەرێمی كوردستان و خراپی گوزەرانی هاووڵاتیان دەكات و دواخستنی مووچە بە “ستەم” وەسف دەكات و ڕایدەگەیەنێت، دۆخەكەیان گەیاندۆتە ئاستێك سەرەتاكەی تاریكە و كۆتاییەكەی نادیارە.
ئەمڕۆ هەینی 15ی ئەیلولی 2023، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی حزبەكەی، بەشداری كرد لەكردنەوەی بارەگای نوێی مەڵبەندی چواری یەكگرتووی ئیسلامیی لە گەرمیان.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نووسینگەی ئەمینداری یەكگرتوو، سەڵاحەدین بەهادین هیوای خواست بەردەوام بارەگاكانی یەكگرتوو ماڵی پەروەردە و پێگەیاندن و خزمەتی هاووڵاتیان و سەكۆی بەیەكەوەژیان و ئارامی كۆمەڵگە بن.
وتیشی، “گەلی ئێمە شایستەی هەموو خزمەتێكە و گەلی خۆڕاگری ئێمە دەبێ خزمەت بكرێ و مافەكانی بۆ دابین بكرێ”.
ئەمینداری یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشكردووە، ستەمی دواخستن و نەدانی مووچە ستەمێكی گەورەیە لەمووچەخۆران و هاووڵاتیانی هەرێمەكەمان دەكرێت و هەرچی بۆمان بكرێ بۆ خزمەت درێغی ناكەین و بەئەركی خۆمانی دەزانین.
ڕاشیگەیاند، “ئێمە قبوڵی زۆرمان كردووە لەمەحرومیەت لەمافە حزبیەكانی خۆمان، بەڵام بەهیچ جۆرێ دەستبەرداری داكۆكی لەمافی هاووڵاتیان نابین، كە بەداخەوە دەسەڵاتی كوردی نەیتوانیوە بەدەم ئەركەكانیەوە بێت و كەمتەرخەمە بەرامبەر مافەكان و بژێوی و خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان”.
ئاشكراشی كرد، “دەسەڵاتدارانی هەرێم دۆخەكەیان گەیاندۆتە ئاستێك سەرەتاكەی تاریكە و كۆتاییەكەی نادیار، بۆیە ئێمە داوای یاسایمان تۆمار كردووە دەربارەی كەمتەرخەمی دەسەڵاتداران لەبارەی مووچەی فەرمانبەران”.
سەڵاحەدین بەهادین جەختی لەوەشكردەوە كە “نابێ قوتی هاووڵاتیان و مووچەی فەرمانبەران بكرێتە قوربانی ململانێ سیاسییەكان”.