ئۆلاف شوڵز ڕاوێژكاری ئەڵمانیا داوای ڕاگیرانی هێرشەكانی توركیای بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان كرد.
ئەمە لە وەڵامی نامەیەكی كۆمەڵەی بنەماڵە ئاشتیخوازەكانی ئەڵمانیابوو كە بەمەبەستی پشتیوانی لە كورد و خەبات لە پێناو ئاشتی بۆ ئەوەی دەوڵەتی توركیا كۆتایی بە هێرشەكانی خۆی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان بهێنێت، بۆ پارتی سۆسیال دیموكرات گەورەترین هاوبەشی حكومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیایان، ناردبوو.
ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند “هێرشەكان بۆ سەر سەنگەرەكانی كورد لە سوریا و باكووری عێراق ناسەقامگیریە و بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەكان نییە. ئێمە بە هۆی لەدەستدانی ژیانی مەدەنییەكانەوە نیگەرانین و بانگەوازمان بۆ دەوڵەتی تورك ئەوەیە كە ئەو هێرشانە رابگرن”.
كۆمەڵەی بنەماڵە ئاشتیخوازەكان پێشوازییان لە وەڵامەكەی ڕاوێژكار شوڵز كرد و داوایان لە حكومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا كرد كە خاوەنی قسەكانی خۆی بێت.
بنەماڵەكان ئاماژەیان بەوەكرد “ئەوەی بەلامانەوە گرنگە ئەوەیە كە وتە و كردەوەكانی حكومەتی ئەڵمانیا یەكبگرنەوە و حكومەت داوای ڕاگرتنی هێرشەكان لە توركیا بكات”.
كۆمەڵگای ئازادی ناوەندی پەیوەندییەكان لەگەڵ گەلی كورد لە بەرلینیش ڕاگەیەندراوێكی هاوشێوەی شوڵزی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، لێدوانەكەی شوڵز گرنگە و هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر گەل و ژێرخانی هەستیار و سەرەكی لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن.
دەشڵێت “دەوڵەتی تورك لە پێشێلكارییەكانی یاسای نێونەتەوەیی و گەورەكردنی قەیرانی مرۆیی لە هەرێمەكە بەردەوامە، بۆ ئەوەی توركیا هێرش نەكات دەبێت هەنگاوی كرداری بنرێن. پێویستی بە هەنگاوی سیاسی، سەپاندنی سزا و راگرتنی هەناردەكردنی چەك هەیە”.