وەزیری وزەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، پشکنینی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان تەواو بووە و دەشڵێت: “هێڵەکە لە ڕووی تەکنیکییەوە بەم زووانە ئامادە دەبێت بۆ کارپێکردن و دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان”.
ئالپ ئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری وزەی توركیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە هەینی 15ی ئەیلول، کۆمپانیایەکی سەربەخۆی ڕووپێوی کارەکانی لە بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان تەواوکردووە و ئێستا خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێكن.
ڕاشیگەیاندووە، وەک دوو وڵاتی دراوسێ پێویستە چارەسەرێکی دۆستانە بدۆزینەوە.
وتیشی، “بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە داهاتوودا رەنگە رووبەڕووی دادگای دیکە ببینەوە”.
لە ٢٥ی ئازاردا تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا ڕاگرتبوو، ئەوەش دوای ئەو بڕیارەی دادگای پاریس دەریكرد و بڕیاریدا ئەنقەرە قەرەبووی بەغدا بداتەوە.
دوای ئەو بڕیارە تورکیا دەستی بە کاری چاککردنەوەی ئەو بۆرییە کرد، کە بە ناوچەیەکی چالاکی بوومەلەرزەزانیدا تێدەپەڕێت و بە وتەی خۆی “بەهۆی لافاوەوە زیانی پێگەیشتووە”، کە لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی لە ٦ی شوباتدا ڕوویدا.
لە کۆتایی مانگی ئاب-ی ڕابردوودا کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕاگرتنی هەناردەکردن بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا تێچووی بەرهەمهێنەران و زیانی حکومەتی عێراقی نزیکەی چوار ملیار دۆلار بووە، بەو پێیەی بەرهەمهێنەرانی هەرێم ناچاربوون بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە.