مانگی سووری لیبیا ئامارێكی نوێی لافاوەكەی هەفتەی ڕابردووی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 11 هەزار و 300 كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 20 هەزار كەسی دیكەش بێ سەروشوێنن.
مانگی سووری لیبیا لە بەیاننامەیەكدا، كە ئەمڕۆ هەینی 15ی ئەیلول بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، لافاو نزیكەی دوو هەزار تەرمی ڕاماڵیوە بۆ نێو دەریای نێوەڕاست.
لای خۆشیەوە، ئاژانسی كەشناسیی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكۆدۆتەوە، ئەگەر هاوئاهەنگییەكی باشتر لەو وڵاتەدا هەبووایە، ئەوا ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە زۆر كەمتر دەبوو.
ڕاشیگەیاندووە، زۆربەی ئەو هەزاران كەسانەی، كە لە لافاوەكەی لیبیادا گیانیان لەدەستدا، دەكرا ڕزگاریان بێت ئەگەر سیستمی ئاگاداركردنەوە و فریاگوزاریی پێشوەختە بە شێوەیەكی گونجاو كاریان كردبا.