ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان شایستەیەكی نیشتمانی و ئەخلاقییە و دەشڵێت: “دۆخی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی فەرمانبەران لە سەرجەم ناوچەكانی دیكەی عێراقی لێدەكرێت”.
هیشام ڕوكابی، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، “لە كۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی رێگەچارەی ڕیشەییانە بۆ كێشە یاسایی و داراییەكانی بەپێی یاسا و دەستوور كردەوە”.
وتیشی، “سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەڵوێستی حكومەتی ڕوونكردەوە، كە كاریكردووە و كاردەكات تاوەكو پێویستییەكانی ژیانی شكۆمەندانەی هاووڵاتیان چی لە هەرێمی كوردستان بێت یان لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق كاریگەر نەبێت و كێشە یاسایی و كارگێڕییەكان بەشێوەیەك چارەسەربێت بەپێی پێداویستییەكانی یاسا و دەستوور بێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “چەندین كێشە هەن، بەشێكیان كێشەی یاسایی و بەشێكیان كێشەی هونەریین، ئەو كێشانە دەبێت بەشێوەیەكی واقیعی و ڕاستەقینە چارەسەربكرێن بۆ ئەوەی دووبارە سەرهەڵنەدەنەوە و دووبارە تەگەرەی دیكە و ناكۆكیی دیكە نەیەنە پێش لەبابەتی مووچە و ئەو بابەتانەی دیكە، كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی یاسایی پەیوەست بە ڕادەستكردنی سەرچاوەكانی نەوتەوە هەیە”.
ڕاوێژكارەكەی سودانی دەربارەی پرسی مووچە “بە شایستەی ئەخلاقی و نیشتمانی ناویهێنا” و وتیشی: “حكومەت وەكو بەركەوتەیەكی نیشتمانی و ئەخلاقی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان تەماشای پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە حكومەت ڕژدە لەسەر ئەوەی ڕێكارگەلێك بگرێتەبەر، كە یاسا پێشێل نەكرێت تێیدا، چونكە مانەوەی ئەو كێشەیە لێكەوتەی ئەوتۆی لێدەكەوێتەوە، كە زیان بە مافەكانی هاووڵاتیان دەگەیەنێت”.
ڕوكابی، جەختیشی كردەوە، حكومەتی عێراق پارەی بە قەرز داوەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەو كاتەی سەرجەم بابەتی ڕادەستكردنی نەوت یەكلایی دەكرێتەوە، بۆیە هەوڵ لەلایەن حكومەت و سەرجەم لایەنەكان هەیە بۆ كۆتایی هاتن بەو دۆسیە و دۆخی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی فەرمانبەران لەسەرجەم ناوچەكانی دیكەی عێراق لێبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆمار و سەركردەی حزبەكان كۆبوونەوە و عێراق نەرمی نواندووە تاوەكو مووچە بۆ هەرێم بنێرێت و لەم هەفتەیەدا بڕیار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەردەچێت.